لە کابینەی داهاتوودا یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی نابێ
نازم هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بە پێی ئەو ڕێژەیەی دەنگ کە یەکێتی لە هەڵبژاردندا بەدەستی هێناوە، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت وەرناگرێتەوە، چونکە ڕێژەکەی زۆر لە دوای پارتییەوەیە، بەو پێیەش قوباد تاڵەبانی نابێتەوە بە جێگری سەرۆکی حکوومەت“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە قوباد تاڵەبانی لە کابینەی داهاتوودا جگە لە پۆستی وەزیر، هیچ پۆستێکی باڵاتری پێ نادرێ.
نازم هەرکی پێیوایە کە ئەوانەی ئێستا حکوومڕانیی یەکێتی دەکەن و بڕیار بەدەستن، لە نێویشیاندا قوباد تاڵەبانی، “هەموویان کەم ئەزموونن و ئەزموونی سیاسی و ئیدارییان لە ناو هەرێمی کوردستاندا کەمە، هەر ئەوەش کێشەکەیە، بۆیە یەکێتیش لە هەموو ڕوویەکەوە بەو دۆخەدا دەڕوات“.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی ڕێگەی زۆرینە و کەمینەی هەڵبژاردووە و بەو هۆیەشەوە بەپێی قەبارەی خۆی لەنێو هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
باسنيوز
