پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان: بەبێ پارتی کورد ڕۆڵی لە حکوومەتی نوێی عێراقدا نابێت
پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان پێی وایە: "فەرامۆشکردنی پارتی لە بەغدا شتێکی مەحاڵە، عادل عەبدولمەھدی دوای ڕاسپاردنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق یەکسەر پەیوەندیی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد، ئەمە خۆی بەڵگەیە بۆ بەھێزیی پارتی و پێگەی سەرۆک بارزانی لە عێراقدا. لەوبارەیەوە، دکتۆر سەباح سوبحی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە: "ڕۆژانی دابێت کاندیدی ڕاسپێردراو و سەرکردەکانی دیکەش سەردانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ ئەوەی ھاوکاریان بێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا."
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوای ڕاسپاردنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، عادل عەبدولمەھدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا و تێیدا سەرۆک بارزانی دڵنیایی خۆی دەربڕی کە عادل عەبدولمەھدی ھەمیشە بەرژەوەندیی عێراق و کوردستان لەبەرچاو دەگرێت و، پشتیوانیی تەواوی خۆیشی بۆ ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاند.
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھادی عامری سەردانی سەرۆک بارزانی کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان میحوەری چارەکردن و پێکھێنانی ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، بە ھیچ شێوەیەک نابێت پارتی دەربچێت لە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، چونکە بۆ کورد مەترسیدارە ئەگەر پارتی بەشداریی حکوومەتی داھاتووی عێراق نەکات."
لەبارەی ئەگەری بەشداریی لایەنە کوردەکان لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا بەبێ پارتی دکتۆر سەباح سوبحی دەڵێت: "ئەگەر بەبێ پارتی لایەنە کوردەکان بچنە نێو پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق ئەوە پێگەیەکی ئەوتۆیان نابێت و زۆر لاواز دەبن بەرامبەر لایەنە عێراقییەکان، بە پێی ھەر پێوەرێک بێت پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی و مەرکەزییش دەبینێت لە پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا."
kdp-
