زانیاری لەبارەی كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرا دەكرێت
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك، بە واژوویەك ئەندامێکی تورکمانی لیستی برایەتی راسپارد بۆ بەڕێوبردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن. ئەندامەکەی لیستی برایەتی عیرفان کەرکوکییە، کە دەیەوێت لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەندا، کۆدەنگییەك لەنێوان لایەنە کوردییەکان دروست بکەن بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد.
عیرفان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك لە لیستی برایەتی راگەیاند: "دەمانەوێت بەرنامەیەكی چڕوپڕ دابنێین بۆ كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی بتوانین راستەوخۆ خزمەت بە خەڵكی كەركووك بكەین، كە ئێستا لەبارودۆخێكی خراپدا دەژین".
ھێزە کوردییەکان لە کەرکووك دەستیان بە جمووجۆڵی سیاسیی کردووە بۆ بەرەوپێش بردنی کەیسی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، حزبی شیوعی سەرقاڵی ئەوەن کە عەرەب و تورکمانەکانیش بھێننە نێو گفتوگۆکانەوە.
شێخ سدیق، بەرپرسی کۆمیتەی کەرکووكی حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت: "نابێ تەنھا كورد بەشداربێت لە كۆبوونەوەكان، بەڵكو دەبێ بە عەرەب و توركمانەوە ھەموومان پێكەوە كۆببینەوە، ئەگەر لە كۆبوونەوەی ماوەی رابردووی لایەنە سیاسییەكان ھەوڵدرا ھەموو لایەنە كوردییەكان لەسەر مێزێك دانیشین، لە داھاتوودا ھەوڵدەدەین گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی كەركووك بكەین".
ساڵێکی تەواو تێپەڕ دەبێت، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك نەیتوانیوە کۆببێتەوە، ھەوڵەکان بۆ ئەوەن کە ھیکەلیەتی ئیدارەی شارەکە گۆڕانکارییان بەسەرداو بێت و ئەو بڕیارانەش ھەڵوەشێنرێتەوە کە لە دوای 16ی ئۆکتوبەرەوە دراون.
k24-
