ئەمڕۆ جەژنی جمای کوردانی ئێزدی بەڕێوە دەچێت

 ئەمڕۆ جەژنی جمای کوردانی ئێزدی بەڕێوە دەچێت
ئەمڕۆ بە بەشداریی دەیان هەزار کەس، جەژنی جمای کوردانی ئێزدی لە پەرستگەی لالش، بەڕێوە دەچێت.

رۆژی شەممە 6/10/2018، یەکەم رۆژی جەژنی جمایە (حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت) و پێشبینی دەکرێ زیاتر لە 150 هەزار کوردی ئێزدی لە کوردستان و جیهان بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنەی خۆیان، روو لە پەرسگەی لالش بکەن.

کوردان ئێزدی بەهۆی هێرش و داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، چوار ساڵە ئەو جەژنەیان پیرۆز نەکردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو ئارامی و پێکەوەژیانە ئاشتیانەیەی لە کوردستان هەیە، دووبارە جەژنەکە پیرۆز دەکەن.

پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی جماوە، حەوت رۆژ پشووی بۆ فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی لە فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکان راگەیاند.

ئێزدییەکان، کە ژمارەیان بە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، کوردن و بەشی زۆریشیان کەوتوونەتە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، بەشێکیشیان لە باکووری کوردستان، ئەرمینیا، جۆرجیا، رووسیا و ئەڵمانیان.

لە کوردستان پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئاین و نەتەوە جیاوازەکان بە ئاشتی و ئارامی بە یەکەوە دەژین و پەیڕەوانی هەموو ئاینەکان بەشداریی خۆشی و ناخۆشیی یەکتر دەکەن.









باسنيوز
Top