گۆڕان: یەکێتی هەڕەشەی نانبڕینی خەڵکی کردووە

 گۆڕان: یەکێتی هەڕەشەی نانبڕینی خەڵکی کردووە
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای گەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساختەکاری لە دەنگەکانی بزووتنەوەکەیان کردووە و ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە و ھەڕەشەی نانبڕینی لە خەڵکی کردووە.

نەسرەدین مەحموود، ئەندانی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایگەیاند: "ساختەکاریی لە دەنگەکانی گۆڕان کراوە و تاکوو ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەمان بۆ ساخ نەبێتەوە و دەنگی ڕاستەقینەی خۆمان بۆ نەگەڕێتەوە، ئامادەنین کاندیدەکانمان بنێرینە پەرلەمانی کوردستان".

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک بەڕێوە ناچێ و ھەمیشە ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا کراوە و ئەمەش خەڵکی بێهیوا کردووە.

نەسرەدین مەحموود نەیشاردەوە کە یەکێتی ساختەکاریی لە دەنگەکانی گۆڕاندا کردووە، ”ئەوانەشی ساختەکارییەکەیان کردووە، خۆیان دەڵێن، ئێمە زیاتر لە چەند دەنگێکمان بۆ یەکێتی داوە، دوا جار یەکێتی بە جۆرێک ساختەکاری کردووە، ھەموو کەسێک دەزانێ ساختەکارییەکەی چۆن کردووە“.


جەختیشی لەوە کردەوە: ”لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی خەڵکی بە زۆر نێردراوە بۆ دەنگدان و ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە بەکار ھێنراوە، ھەروەھا ھەڕەشەی نانبڕینی لە خەڵک کردووە، بۆیە ئەگەر یەکێتی ئەو ساختەکارییەی نەکردایە، یەکێتی ھیچ کات ئەو کورسییانەی نەدەھێنا".

جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، سەرجەم حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پێیانوایە یەکێتی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیرادەی ڕاپەڕین و گەرمیان، ساختەکارییەکی گەورەی کردووە و هێزە ئەمنییەکانیشی فشارێکی گەورەیان لەسەر کۆمسیۆن و ئۆفیسەکانی درووست کردووە.











باسنیوز
Top