وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایان میکانیزمی گەشەسەندنی ھەموو کۆمەڵگەیەکن
ئەمڕۆ شەممە 6/10/2018، کە ڕۆژی جیھانیی مامۆستایانە، وەزارەتی پەروەرەدە بەم بۆنەیەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و تێیدا ھاتووە: "ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانیی مامۆستایانە، توێژێک کە ھۆکاری گەشەسەندنی کۆمەڵگە و خوێندەواربوونی تاکەکانی ھەموو گەلێکن".
ھەر لە پەیامەکەدا باس لەوەش کراوە: "وەزارەتی پەروەردە بە ئەرکی خۆی دەزانێت ھاوکار و داکۆکیکاری مامۆستایان بێت، بۆ ئەوەی ئاستی زانستییان بەرزتر و باری گوزەرانیان باشتر بێت".
دەقی پەیامە پیرۆزباییەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایان:
مامۆستایان میکانیزمی گەشەسەندنی ھەموو کۆمەڵگەیەکن
ئەمڕۆ ١٠/٦، ڕۆژی جیھانی مامۆستایانە، توێژێک کە ھۆکاری گەشەسەندنی کۆمەڵگە و خوێندەواربوونی تاکەکانی ھەموو گەلێکن.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ئابووریی قورسدا تێپەڕی و قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر توێژی مامۆستایان لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە زیاتر بوو، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە و بە ھۆی بەرپرسیاریەتی ئەم توێژە بەرامبەر کۆمەڵگە نەھێڵدرا دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت و پڕۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت. مامۆستاکانمان ھەروەک پێشمەرگەکان کە بەرگرییان لە سنوورەکان کرد بەرامبەر بە ھێرشی سەربازی داعش، مامۆستاکانیشمان لە ناوخۆدا بە فێرکردن نەیانھێشت بیری نائینسانی ئەم گرووپە، ھزری تاکی کوردی داگیر بکات.
وەزارەتی پەروەردە بە ئەرکی خۆی دەزانێت ھاوکار و داکۆکیکاری مامۆستایان بێت بۆ ئەوەی ئاستی زانستییان بەرزتر و باری گوزەرانیان باشتر بێت.
.
پیرۆز بێت ڕۆژی جیھانی مامۆستایان
.
.
وەزارەتی پەروەردە
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن
باسنيوز
