چوار ساڵ لەمەوبەر پارتی پێشبینیی ٤٥ کورسی کردووە
ئومێد خۆشناو، کاندیدی دەرچووی خولی پێنجەم و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی چوارەمی پەرلەمان لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، کە پارتی پێشبینیی زیادبوونی کورسییەکانی لە پەرلەمان دەکرد.
ئومێد خۆشناو ئاماژە بە رووداوێکی چوار ساڵ پێش ئێستا دەکات، کە لەو کاتەی ویستوویانە ھۆڵی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکە رێک بخەن، بە ئەندازیارەکەی گوتووە با ژمارەی کورسییەکان لە ٤٠ تا ٤٥ بێت، ئەوکات بە پەرلەمانتارانی دیکەی فراکسیۆنەکەی دەگوت، ”پەنا بە خوا خولی داھاتوو پارتی سەرووی چل ئەندامی دەبێ، سوپاس بۆ خودا و خەڵکی شەرفمەندی کوردستان ھەروا دەرچوو“.
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حیکمەتی سەرەوتنی پارتی ”تەنھا و تەنھا“ بەھۆی وەفای خەڵکی کوردستان و باوەڕیانە بە رێبازی بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی.
ئومێد خۆشناوبە گرنگی دەزانێ پەرلەمانتارانی حزبەکەی لە خولی پێنجەم ”وەفاداربین و لەبیری نەکەین و خۆمان چاک و چاکتربکەین و بە فعلی پەیڕەوکاری ڕێ و ڕێبازی بارزانی نەمر بین کە، بریتیە لە عەدالەت و خۆنەویستی و خاکی بوون و خزمەتکاری خەڵک و خاکی کوردستان“.
خۆشناو ئاماژەی بە پێشبینیی خۆیشی کردووە، کە ”لەو باوەڕەدا بووم“ ٤٢ کورسی بەدەست بھێنن، بەڵام ھیوای دەخواست ٤٥ کورسی بەدەست بھێنن و پێی گرنگ نییە خۆی سەرکەوتوو بێت یان نا، گرنگ سەرکەوتنی حزبەکەیەتی.
باسنيوز
