سەرۆك بارزانی: پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەموو خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و ھەموو جیھان دەکەم

سەرۆك بارزانی: پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەموو خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و ھەموو جیھان دەکەم
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنێکی کوردانی ئێزدی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە و هیوای قوڵبوونەوەی کولتووری پێکەوەژیان دەخوازێت.



لە دەقی پەیامەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، سەرۆک مەسـعود بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە ”خوشک و برایانی ئـێزدی“ بەبۆنەی جەژنی جما، هیوا دەخوازێ هەموو ساڵێک ئەو جەژنە لە ئاشتی و ئاسوودەییدا بکرێتەوە.



سەرۆک بارزانی هەروەها بەپێویستی دەزانێ هەموو لایەک کار بۆ قووڵتربوونی فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بکەن و بپارێزن.



دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:



بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان



بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ـی ئێزیدی، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەموو خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و ھەموو جیھان دەکەم. ھیوادارم ئەو جەژنە ببێتە ھۆی خۆشی و ئارامیی خوشک و برا ئێزیدییەکان و بتوانن ھەموو ساڵێک جەژن و خۆشییەکانیان لە ئاشتی و ئاسوودەییدا بکەنەوە.



ھەر بەو بۆنەیەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویستە ھەموو لایەکمان کار بۆ قووڵتربوونی فەرھەنگی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بکەین و بیپارێزین.



مسعود بارزانی



٥ـی ١٠ـی ٢٠١٨




باسنیوز
Top