نێچیرڤان بارزانی: پرسیاری خراپیی دۆخی کەرکووک لەو لایەنە بکەن کە ١٦ی ئۆکتۆبەری کرد
لە پرێس کۆنفرانسێکیدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی ١٠ی ٢٠١٨ بەڕێوە چوو، لەبارەی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک لەسەر خراپیی دۆخی کەرکووک و بەتایبەتیش کوردانی کەرکووک لە پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند: ”نیگەرانین لە دۆخی ئەمنیی کەرکووک و نیگەرانین لەو دۆخەی لەوێ هاتووەتە پێش، حەزمان دەکرد بە شێوەیەکی دیکە بێت، بەڵام دەبێ ئەو پرسیارە لەو لایەنە بکرێ کە ١٦ی ئۆکتۆبەریان کرد“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا بە وردی باسی لەو هۆکارانە کرد کە بوونە هۆی نیگەرانیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و نەیشاردەوە کە میکانیزمەکە لە قازانجی خەڵکی کوردستان نییە و دەبووایە بەرهەم ساڵح و یەکێتیش قەبوڵ نەکەن بەو شێوەیە بچنە نێو کێبڕکێیەکی لەم جۆرە، چونکە ”لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو“.
لەبارەی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک لەسەر کەسێکی وەک بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ”بابەتی ئێمە لەسەر میکانیزمەکەیە، لەسەر ئەوە نییە کێ سەرۆک کۆمارە و کێ سەرۆک کۆمار نییە؟“. بە پێکەنینیشەوە ڕای گەیاند: ”دکتۆر بەرهەم تەنیا بۆ کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە گەڕایەوە نێو یەکێتی، ئەگینا خۆ لەناو ئەو حزبە بوو، دوایی حزبێکی تریشی درووست کرد، وەفاداری خۆی نە بۆ حزبی یەکەمی هەبوو، نە بۆ هاوپەیمانی هەبوو، بەهیواین ئیشەڵا بۆ کوردستانی هەبێ“.
باسنيوز
