بەرپرسێكی حزبی: هەڵكوتانە سەر ماڵان و دزیكردن لە كەركووك بووەتە دیاردە
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/10/2018، ڕايگەیاند: "بەهۆی لێكەوتەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێستا هەڵكوتانە سەر ماڵان لەلایەن چەكداران و دزیكردن لە كەركووك جگە لەوەی بووەتە دیارەدە، زۆر زیادیشی كردووە، تەنانەت ئەو چەكدارانە نەك تەنیا بە شەوان، بەڵكوو بە رۆژیش هەڵدەكوتنە سەر ماڵان".
گوتیشی: "جگە لەوەش لە كەركووك كردەوە توندوتیژییەكانی وەك ڕفاندن و ئەنجامدانی تەقینەوە زیادی كردووە، بەهۆی ئەوەی هیچ هێزێكی ئەمنی خەمخۆر لە شارەكە نییە و ئەو هێزانەی كە ئێستا لە شارەكەن مەبەستیانە ئازاری كورد بدەن بە پلە یەك، ئینجا هاووڵاتییانی پێكهاتەكانیتر".
شەوی چوارشەممەی ڕابردوو 3/10/2018، دوو دز لە گەڕەكی ڕێگای بەغدای كەركووك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێك، هەروەها هەر شەوی ڕابردوو دوو تەقینەوەی بەهێز كەركووكی هەژاند كە یەكێكیان لە ڕێگای ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەڕەكی ئەسرا و مەفقودین ئەنجام دراوە و دانەكەی دیكەشیان لە ڕێگای بۆمبی چێندراو لە گەڕەكی دۆمیزی كەركووك ئەنجام دراوە كە بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە چەند هاووڵاتییەك بریندار بوون.
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە ڕێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی داگیر كرد و لەو كاتەوە دۆخی ئەمنی شارەكە تێك چووە و هەڵكوتانە سەر ماڵان بەمەبەستی دزیكردن لەلایەن چەكدارانەوە، هەروەها تەقینەوە زیادی كردووە.
باسنيوز
