گۆڕان: بەرھەم ساڵح بە سەرۆکی خۆمان نازانین
ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ڕايگەیاند، لای ئەوان پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق گرنگ نەبووە. گوتیشی: ”وەک گۆڕان، تەرکیزمان لەسەر ئەو پۆستە نییە، بەڵکوو زۆرترین تەرکیز دەخەینە سەر سکاڵاکانمان لەبارەی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن، بە کوردییەکەی بەرھەم ساڵح بە سەرۆکی خۆمان نازانین“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک بەرامبەر بەو ساختەکارییانە بێدەنگ نابن کە لە دەنگەکانیاندا کراوە و گوتی: ”یان دەبێ سکاڵاکانمان جێبەجێ بکرێت و دەنگە دزراوەکانمان چاک بکرێتەوە، یانیش ھەڵوێستی توندمان دەبێت“.
لایەنە سیاسییەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە ڕایانگەیاندووە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ساختەکارییەکی زۆر لە دەنگدانی تایبەت و گشتیدا کراوە و پێشێلکارییەکی گەورەش کراون.
بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی ٤٥ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، گۆڕان ١٢ کورسی، نەوەی نوێ ٨ یان ٩ کورسی، کۆمەڵ ٧ کورسی، بەرەو ئیسڵاح ٥ کورسی و چەند لایەنێکی دیکەش هەریەکەی کورسییەکیان بەدەست هێناوە.
باسنيوز
