نێچیرڤان بارزانی: لەسەر بنەمای نوێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکەین
رۆژی پێنجشەممە 4/10/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، وڵاتانی دراوسێ و هەموو لایەنە عێراقییەکان داوایان لەو دەکرد خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کاندید بکات و ”بە دڵنیاییەوەش بەبێ رکابەر دەردەچووم“.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتوو بوو و بۆ ئەو سەرکەوتنەش، سوپاسی گەلی کوردستانی کرد.
جیگری سەرۆکی پارتی، کە هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، جەختی لەوە کردەوە، کە دوو ئیدارەیی لە کوردستان دروست نابێ، بەڵام ”بە دڵنیاییەوە شتەکان وەکو خۆی نابن و پارتی لەسەر بنەمای نوێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات“.
دەقی لێدوان و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامەنووسان:
جێی خۆشحاڵیی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو کە لە ھەموو لایەکەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن کرا و سوپاسی گەلی کوردستان و ھەموو لایەنەکان دەکەم.
بە دڵنیاییەوە ڕەنگە کۆمسیۆن لە نزیکترین کاتدا ھیوادارم نەتیجەی ئەوەلی ئیعلان بکات.
سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتنی گەلی کوردستان و پرۆسەیەکی دیموکراسییە کە گەلی ئێمە چەندین ساڵە بڕیاری لەسەر داوە.
ئێمە ھیوادارین لە داھاتووشدا ھەمیشە ئەم پرۆسەیە بە ئاشتییانە و دیموکراسییانە بەڕێوە بچێت.
زۆر گرنگە نەتیجەکان ھەر چۆنێک بن، ئارامی و سەقامگیری و پشێویی خەڵک تێک نەدرێ و داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکەم ڕێگە بە تەقەکردن نەدەن.
ئێمە بۆ شەڕکردن و کۆکردنەوەی دەنگ نەچووینە بەغدا، چوونمان بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو ھەموو ھەوڵێک بدەین یەکێتیی ڕیزەکانی کورد بپارێزین.
پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی گەلی کوردستانە، ھی ھیچ لایەنێک نییە، نە ھی یەکێتی و نە ھی پارتییە.
بە بۆچوونی ئێمە وەکوو پارتی ئەوە بووە کە ئەم پرسە پێویستە لەنێو کوتلە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق یەکلا بکرێتەوە.ھۆیەکەی ئاسانە، لە خولەکانی دیکەش ئەمە کراوە کە کێشە لەنێو برادەرانی یەکێتیش درووست بوو.
ئەوەی زۆر جێی نیگەرانییە بە نسبەت ئێمە، ئەمە بابەتێکی خەتەرناکە و ئەم پۆستە لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان، خەڵکی دیکە دەنگی بۆ بدەین. ئەگینا ئێمە کەی گرنگی بەو پۆستە دەکەین و وەک گوتتان نوکتەمان لەسەرمان دەگوت.
با کوتلە کوردستانییەکان دابنیشن خۆیان یەکێک ھەڵبژێرن، ئەمە ڕێگەی درووست بوو. پێشبینی بکەن چەند ساڵێکی دیکە کەسێکی دیکە لە دەرەوە خۆی ھەڵدەبژێرێ، کابرا کوردە بەلام ھیچ پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە. ئەمە بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان گرنگە.
ئەگەر داوای پۆستمان بکردبا ھەرچی لایەنی سیاسییە لە عێراق بە وڵاتانیشەوە داوایان دەکرد من خۆم بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەم بەڵام نەمانکردووە، بابەتەکە من نیم و ئێمە ئەسڵی بابەتەکەمان پێ درووست نییە، بەڵام شێوەی ھەڵبژاردنەکەمان پێ درووست نییە. شیعەکان توانییان کاندیدەکەیان یەکلا بکەنەوە، پێمان ناشرین بوو بە دوو کاندید ھەڵبژاردن بکرێ.
ئێمە لەگەڵ برادەرانی یەکێتی بەردەوام لە قسەکردندا بووین تاوەکوو بە یەک کاندید بچین، ھەموو نەرمییەکمان نیشان دا و ھەرچی ویستیان گوتمان ڕازین بە مەرجێک بە یەک کاندید بچینە نێو پەرلەمان، دواتر خۆیان داوایان لە ئێمە کرد کە ھەندێک لە پۆستەکانی ھەرێمیشیان بدەینێ، بەویش ڕازی بووین، چونکە بە ڕای ئێمە ئەوە لە بەرژەوەندیی کوردستان و ھەرێم نییە و نیگەرانیمان لێرەوە دەست پێ دەکات. ئەمە بابەتی ئەوە نییە کە پارتی شکستی ھێناوە، ھەموو گەلی کوردستان زەرەری کرد بەم ئیشەی کە تاکڕەوانە ئەنجام درا و پێموایە ئەمە خراپ دەبێ.
کەس باسی دوو ئیدارەیی ناکات لە ھەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووریمان ھەیە کە پێی دەڵێن ھەرێمی کوردستان، ئێمە بەردەوام دەبین. ڕاستتر بڵێم، ھەڵبژاردنەکان ئەگەر سەیری بکەین، ھەموو ئەو وێستگانەی کە ئێمە وەکوو پارتی دەبووایە بڕیار بدەین، ھەمیشە لەگەڵ یەکێتی بە ھاوبەشی ھەموومان بڕیار لێداوە، ٥٠ بە ٥٠ نەبووین بەڵام قەبوڵمان کردووە پەنجا بە پەنجا بین، کورسییەکانیان کەمتر بووە لە پارتی، بەڵام ھەر وەک یەکتر چووین، ئێستا برادەران بەرەو زۆرینە و کەمینە دەچن، ئێ کەواتە پارتیش بەراوردی حیساباتی خۆی دەکات و لەسەر ئەساسێکی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات.
ئەولەویەتی ئێمە ئەوە بوو کە بە یەک کاندید بچینە نێو پەرلەمان، نەک لەبەردەم پەرلەمانتارەکان شەڕی یەکتر بکەین. ئێمە پێمانگوتن دەتوانن جێگری سەرۆک وەزیرانی بەغدا و وەزارەتێکی سیادی ھەڵبگرن، ١٢ ساڵە ئەو پۆستە لەدەست یەکێتییە، با ئەو ٤ ساڵە لەدەست پارتی بێت، لە ئەنجامدا ئەوان لەسەر پێشنیازێک ھاتن گوتیان ئەگەر قەبوڵ بکەن لە ھەرێمی کوردستان زیاتر نەرمیمان ھەبێت لە بابەتی پۆست بۆ ئەوان، ئەوان قەبوڵی دەکەن، ئێمە گوتمان لەسەر ئەوەش ڕازین، پێشمان گوتن حازرین و ئیمزا دەکەین لەسەر بابەتی سەرۆکایەتی و سەرۆکایەتیی حکوومەت باسکرا، پێمانگوتن یەکڕیزیی کورد لە پۆست و پایە گرنگترە و یەکێتی ھێزێکی ئەساسییە و دەمانەوێ مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
ھێزی ئێمە لەو دەنگانەیە کە لە ھەڵبژاردندا بە پارتی دراوە، نەک ئەو پۆستەی ھیچ دەسەڵاتێکی نییە و لە بەغدا دانراوە، نەک ئاھەنگ بکەین بەوەی کێ لە بەغدا دانراوە، بەداخەوە یەکڕیزییان تێکدا، ھەموو نەرمییەکمان نیشان دا، گوتمان بە ھەموو شتێک ڕازین بەس یەکڕیزی تێک نەدەن، ھەر تێکیان دا.
ئەوان ئێستا یەکڕیزییان تێکداوە و ھەڵوێستی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونە.
چاوەڕێین ئەنجامی فەرمیی ھەڵبژاردن ڕابگەیەندرێت، ئەوکاتە دەکەوینە دانوستاندن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئایندە، بە دڵنیاییەوە دەمانەوێ بە زووترین کات ئەو حکوومەتە تەشکیل بکرێ.
بۆ ئێمە بەغدا پایتەختی عێراقە و ئێمە زۆر بە جددیش بەشدارین و لایەنێکی ئەساسین لە بابەتی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. لەبارەی برادەرانی یەکێتی، ئێمە ھەمیشە گوتوومانە ئێوە لە حکوومەتدا ھاوبەشی ئێمەن، ئێستا ئەوان ڕێگەیەکی دیکەیان ھەڵبژاردووە، ئەو ڕێگەیە لەسەر شایستەی ھەڵبژاردن و زۆرینەی کەمینە بووە، تەوافوق نەبووە، کەواتە دەبێ ئەو ھەقە بە ھێزی یەکەمی کوردستانیش بدرێ و مومکینە ئیتر بە میکانیزمێکی دیکە حکوومەت تەشکیل بکرێ.
پێموانییە بابەتەکە ئەوە بێ کە بەغدا بیەوێ عقوبەی پارتی بدات لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم، ئێمە وەکوو پارتی زۆر زەریبەمان داوە لە بەرگریکردن لە پرسی کورد، بەردەوامیش دەبین، بەڵام ئەگەر بابەت ئەوە بێ کە بەغدا لایەکی ھەڵبژاردبێ، بەغدا زۆر باش دەزانێ بڕیاری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان لە کوێیە، دڵیان لەگەڵ ھەر لایەنێک بێ، عەقڵیان لە ھەولێرە.
ئێمە دەمانەوێ ئالیەتی پێکھێنانی حکوومەت بەو جۆرە بێ، با جارێ ئەنجامی ھەڵبژاردن بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، دواتر بە دڵنیاییەوە بەپێی سیاقاتی قانونی بەو جۆرەیە ھێزی براوەی یەکەم بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت، ئێمەش لەسەر پێشھاتەکانی ئێستا کار دەکەین، بەڵام ئەوەی ڕووی دا بە تەئکید کار لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکات، ئێمە چاوخشاندنەوە بە ئسلوبماندا دەکەینەوە و وەک پێشتر ڕەفتار ناکەین، بەڵام با جارێ ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێن، دواتر.
پرسیار لەوانە بکە کە ١٦ی ئۆکتۆبەریان کرد.
ھەر پڕۆژەیەک بۆ چاکسازی بێت پشتیوانی دەکەین.
ھێشتا ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕانەگەیەندراوە، جارێ کەس ڕانەسپێردراوە تاوەکوو حکوومەت پێک بھێندرێت، بۆیە جارێ ماوە بزانین چۆن حکوومەتی نوێ پێکدەھێندرێت.
ھەڵوێستی ئێمە وەکوو پارتی رامانگەیاندووە، ئێمە ئەو میکانیزمەی کە بووە ھۆی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئیحترامەن سەرۆک کۆمار ھەر کەسێک بێت، ئەو ئالیەتەمان پێ ڕاست نییە و پێمانوایە نەدەبووایە دکتۆر بەرھەمیش قەبوڵ بکات بەو ئالیەتە بچێتە نێو ئەو کێبڕکێیە. دەبووایە یەکێتیش قەبوڵی نەکات، چونکە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.
بابەتی ئێمە لەسەر ئەو بابەتەیە، ئەگینا لەسەر ئەوە نییە کێ سەرۆک کۆمارە و کێ سەرۆک کۆمار نییە، ھەموومان دەزانین کاک بەرھەم کە گەڕایەوە نێو یەکێتی ھەر بۆ ئەوە بوو کاندیدبکرێ بۆ ئەو پۆستە، ئەگینا ھەر لەو حزبە بوو و حزبێکی تریشی درووست کرد، وەفاداری نە بۆ یەکێتی و نە بۆ ھاوپەیمانیش نەبوو، ھیوادارین بۆ کوردستانی ھەبێت.
ئێمە لەگەڵ یەکێتی لە دانوستاندن بووین، لەو کاتە ھەموو لایەکیشمان خۆشحاڵ بووین بەوەی گەیشتووینەتە ڕێککەوتن، پێشنیاری یەکێتی کە ھاتن ئەوەبوو، گوتیان تەنیا ڕێگەی قەبوڵکردنی ئێمە ئەوەیە کە لە ھەرێمی کوردستاندا لە بابەتی سەرۆکایەتیی حکوومەت نەرمی بنوێنن، ئێمە ڕازی بووین بۆ ئەوەی یەکڕیزی تێک نەچێت، زۆریش خۆشحاڵ بووین بۆ ئەوەی ڕێککەوتنمان کردووە، دواتر لە شاشەی تەلەڤزیۆن بینیمان دەنگدان دەستی پێکردووە. خەڵکی تریش لە نێوان ئێمەدا ھەبوو و ھەموو لاشمان خۆشحاڵ بووین کە ئەو ڕێککەوتنەمان لە پێناو یەکڕیزیی کورد کردووە و سوپاسی ئێمەیان کرد بۆ ئەو یەکڕیزییەی پیشانمان دا.
نەمبیستووە لایەنەکان ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیان ڕەت کردبێتەوە، دەبێ پرسیار لە کۆمسیۆن بکرێت، ئەوەندەی ئاگادارم پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە چووە و کۆمسیۆن خەریکە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەندێک لە ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێت.
بابەتی عادل عەبدولمەھدی، ئێمە وەکوو پارتی و بە شێوەیەکی فەرمیش پیرۆزباییمان لێی کردووە، بە دڵنیاییەوە دکتۆر عادل عەبدولمەھدی شایستەی ئەو پۆستەیە و لێرەشەوە پیرۆزبایی لێ دەکەین و زۆر دڵخۆشین و مێژووێکی درێژمان پێکەوە ھەیە، ئەو شایستەی ئەوەیە کە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە عێراق پشتیوانی بکەن تاوەکوو لە ئەرکەکەی ئێستای سەرکەوتوو بێت. پێشم گوتووە ھەموو پشتیوانییەکی ئێمە بۆ ئەو ھەیە.
لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی، برادەرانی یەکێتی خۆیان ڕێگەکەیان ھەڵبژاردووە، ئێمە لە پەرلەمانی ڕابردوو ٣٨ کورسیمان ھەبوو و یەکێتی زۆر کەمتری ھەبوو، کەچی وەک یەکتر ٥ کورسیمان ھەبوو، چونکە یەکێتیمان بە ھێزێکی سەرەکی و ھاوبەش داناوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتی ڕێگەی تری ھەڵبژارد و بەرەو ئەوە چوو کە بڵێ دەنگم ھەیە و ئیرادەی خۆم فەرز دەکەم، کەواتە دەبێ ڕێگە بە لایەنەکانی دیکەش بدرێ و دەبێ ئەوانیش لێمانی قەبوڵ بکەن لەسەر بنەمای کورسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
لەبارەی بابەتی ئابووری و مووچە، ئێمە چەند مانگێکە لە کوردستان ھەواڵی مووچە لە تەلەڤزیۆنەکان نەماوە، ئێستا دۆخی کوردستان باشترە، ئەمە مانای وانییە کە بڵێین ھیچ کێشەیەک نییە، ھەمیشە بەراورد دەکەین، دوای ئەو قەیرانەی چەند ساڵێکە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، لە تونێڵێکی تاریک بووین، ئێستا ڕووناکیمان لێ دیارە. بەو ھیوایەم لە ماوەیەکی نزیکدا لەم تونێڵە دەربچین و ژیانی خەڵکیش باشتر بکەین.
ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ھیچ شتێک، ئەم وڵاتە وایە، بەڵام دەبێ ھەوڵی خۆت بدەی، ئەم ماوەیە دەرفەتێکی باشە بەغدا و کوردستان پێداچوونەوە بە شتەکانی خۆیان بکەن، ئەمڕۆ ھەلێک بۆ ھەردوولا ھاتووەتە پێشەوە کە لەسەر بنەمایەکی نوێ و بەدوور لەوەی کێ بەھێزە و کێ لاوازە و کێ کێی لەگەڵە، بەڵکوو لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کار بکەین و ئەزموون لەو ھەڵانە وەربگرین کە پێشتر کراون و ھەردوو لامان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەم بۆ عێراق و کوردستان ھەنگاو بنێین. بۆ ھەر شتێک ھاوبەشی ستراتیژیی ھەرێمی کوردستان بەغدایە و ھیچ شتێک نەگۆڕاوە، پێش ڕووداوەکانی پێشتریش ھەر ئەو بۆچوونەمان ھەبووە و لە ئایندەش ھەر ئەو بۆچوونەمان دەبێت.
باسنيوز
