پڕۆژەی ڕێگەی ھەولێر - دھۆك دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە

 	 پڕۆژەی ڕێگەی ھەولێر - دھۆك دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە
بڕیارە لە چەند رۆژی دابێ، گرێبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی ھەولێر - دھۆك لە نێوان سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و گرووپی كۆمپانیاكانی كار واژۆ بكرێت. بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوەی ھەولێریش دەڵێ، رێگایەكی نێودەوڵەتییە و ھەولێر بە ئیبراھیم خەلیلەوە دەبەستێتەوە.

ھونەر گلی، بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی ھەولێر، ڕایگەیاند: "لە رۆژانی دابێ گرێبەستی قۆناغێكی گرینگی دروستكردنی رێگای نێودەوڵەتیی ھەولێر - دھۆك لە نێوان كۆمپانیای جێبەجێكار و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرن واژۆ دەكرێت، كە رێگاكە لە شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێرەوە دەست پێدەكات بۆ سنووری شارەدێی رۆڤیای پارێزگای دھۆك".

بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوە و نیشەجێكردنی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "رێگاكە لە سێ قۆناغ پێك ھاتووە، قۆناغی یەكەم دھۆك بۆ رۆڤیایە، كە بەر لە چەند رۆژێك بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەكە دەستی بە كار كرد، قۆناغێكی دیكەی گرینگ لە ھەولێر بۆ رۆڤیایە كە درێژییەكەی ٣٨ كیلۆمەترە و پێشبینی دەكەین لە چەند رۆژی دابێ ئەویش گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیەكی ناوخۆیی واژۆ بكرێت و بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".

گلی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "رێگای ھەولێر – دھۆك، رێگایەكی نێودەوڵەتییە و بەپێی ستانداردی جیھانی دروست دەكرێت، كە ھەولێر بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوە دەبەستێتەوە، بە تەواوكردنی پڕۆژەكەیش ھەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكەی پێشكەوتنی رێگاوبانەوە، چونكە رێگاكە كارئاسانیی زۆر بۆ ھاووڵاتیانی ناوخۆ و بیانی دەكات"
kdp-
Top