سوێد بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان

سوێد بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان
جێگری سەرۆكی نێردەی شاهانەی سوێد لە عێراق و بەرپرسی تازەدەستنیشانكراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی شاهانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان، لە دیداریاندا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، ڕایانگەیاند كە وڵاتەكەیان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆكی نێردەی سوێد و بەرپرسی تازەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی وڵاتی شاهانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان و، بۆ ئاشنابوون بە دواپێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و، گوێگرتن لە دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسە گەرمەكانی ڕۆژ و جێی بایەخی وڵاتی شاهانەی سوێد، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی و شاندێكی یاوەری، سەردانی نووسینگەی باڵیۆزخانەی شاهانەی سوێدیان كرد و، لە لایەن خاتوو مەهیاد تەڤەكوڵی، جێگری سەرۆكی نێردەی شاهانەی سوێد لە عێراق و بەرپرسی تازەدەستنیشانكراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی شاهانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان، بە گەرمی پێشوازی كران.

بەرپرسی تازەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم دیداری لەگەڵ شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند، پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و ئارامی و سەقامگیری و ئاشتیی ناوخۆیی و كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، جێی بایەخی وڵاتی شاهانەی سوێدە و لە نزیكەوە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان دەكەن و خۆشحاڵە بە وەرگرتنی پۆستی بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان، بەڵێنیشی دا كە هەوڵی جیددی بدات بۆ پتەوكردن و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی شاهانەی سوێد لە هەموو بوارەكاندا.

هۆشیار سیوەیلی، بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە خاتوو مەهیاد تەڤەكوڵی، بەرپرسی تازەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی شاهانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی نێردەی سوێد لە عێراق كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی تازەی لە هەرێمی كوردستان و هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا لە بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی شاهانەی سوێد لە هەموو بوارەكانی جێی بایەخی نێوان هەردوو گەلی دۆستدا.

سیوەیلی، هەروا سوپاس و ستاییشی كار و چالاكییەكانی كریستیان نیلسوونی جێگری پێشووی سەرۆكی نێردەی سوێد لە عێراق و بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوێدی كرد لە هەرێمی كوردستان بۆ هەوڵەكانی پێشووی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و سوێد.

لە دیدارەكەدا، هۆشیار سیوەیلی بە تایبەتی سوپاسی ڕۆڵی حكوومەتی سوێد و خەڵكی سوێدی كرد بۆ هاوكارییەكانی لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكانەوە تا ئەمڕۆ و لە پێشوازیكردن و داڵدەدانی هەزاران پەنابەری كوردستانی لە وڵاتەكەیان و لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی پرۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی و دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش لە شەڕی تیرۆر و تێكشكاندنی مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستیی جیهانیی داعش كە هەڕەشە و مەترسی بوون بەسەر كۆمەڵگای جیهانی و مرۆڤایەتی بە گشتی و، هەروەها سوپاسی حكوومەتی سوێدی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشكەش بە پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە لە مەشق و ڕاهێنان و هەروا پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی شەڕی داعش كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

لە دیدارە سیاسییەكەدا، دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی فیدراڵی و تەوافوقیی بنكەفراوان لە عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی لە حوكمڕانیدا و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان و شیكردنەوەی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستووری فیدراڵیی عێراقدا و ئەو پێشێلكارییانەی لە ڕابردوودا لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كراوە و بە خاڵی ناكۆكی لە پەیوەندییەكانی فیدراڵی نێوان هەرێم و بەغدا هەژمار دەكرێن. هەروا بەشداریی كارای هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی مانگی گوڵانی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق و هەوڵە سیاسییەكانی ئێستا بۆ هەڵبژاردنی حكوومەتێكی تازە لە عێراقدا، تاوتووكرا.

تەوەرێكی دیكەی گفتۆگۆی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەرپرسی تازەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی شاهانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان و پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی ھەرێم بوو. هەروا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و شارەوانییەكان لە سوێد و ڕۆڵ و پێگەی ڕەوەندی كوردستانی لە سوێد و چەندین بابەتی تری جێی بایەخی نێوان هەردوو لا خرانە بەر باس و گفتۆگۆوە و، بەرپرسی تازەی مەكتەبی باڵیۆزخانەی سوێد لە هەرێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیموكراتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە كوردستان خواست و ڕایگەیاند، ئاشتیی ناوخۆیی و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان، جێی بایەخی وڵاتی شاهانەی سوێدە.
kdp-
Top