سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەوە

 سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەوە
سەرۆك بارزانی، لە سەڵاحەدین لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆ بووە و بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكانیان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3\10\2018، سەرۆك بارزانی، لە سەلاحەدین لەگەڵ جۆن وێلكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كۆ بووە و لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد، هیوای خواست كە ئەو سەركەوتنەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەر بێت لە پێشخستنی هەرێمی كوردستان و بەهێزتربوونی بنەماكانی ژیانی دیموكراسی لە هەرێمی کوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی لایەنە كوردستانییەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لە ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بواری ئابووری و كارگێڕی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دژایەتیكردنی تیرۆر كردەوە.










باسنيوز
Top