ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: 90 ڕۆژە زیادکراوەکەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگا تەواو بوو
بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان چوار ساڵیان تەواو کرد ئەوا 90 ڕۆژی بۆ تەواوکردنی کارەکانیان بۆ زیاد دەکرێت.
لەم بارەیەوە خانزاد یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕايگەیاند: ”لە 23/9/2018 ئەو سێ مانگە واتە 90 ڕۆژە زیادکراوەکەمان تێپەڕاند، بۆیە ئێستا لە بۆشاییەکی یاساییداین“.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی: ”چەندین جار یاسایەکەیان بە هەموارکراوی پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام پەرلەمان دانیشتنی لەسەر نەکردووە، تا ئێستاش وەڵامیان نەداوینەتەوە، لەگەڵ ئەوەش دا چەند نوسراوێکیشمان ئاراستە کردوون ئەوانیش بێ وەلامبوون“.
ڕوونیشی کردەوە، کە پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا نووسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بدۆزنەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کەی ئەنجام دەرێت، خانزاد یوسف دەڵێت: ”وەڵامێک بۆ ئێمە نەهاتووە، کە ئایا هەڵبژاردن دەکرێت، یان بەو شێوەیەی ئێستە دەمێنێتەوە“.
باسنيوز
