سهرباری ساختهكاری، زیاتر لە 20 هەزار دەنگی پارتی لە سلێمانی زیادی كردووە.. سكاڵایشی تۆمار كردوون
عەتا شێخ حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی هێشتا دەنگی چەندین وێسگەمان بە دەست نەگەییشتوون، پارتیمان لە سنووری ئەنجوومەنی سەركردایەتی زیاتر لە 20 هەزار دەنگی زیادی كردووە، كە تا ئێستا زیاتر لە 60 هەزار دەنگمان هێناوە".
لە سلێمانی چەندین پێشێلكاریی ئەنجام دراون و، كۆمیسیۆنیش ڕایگەیاند كە سلێمانی بە دەست ئێمەوە نەماوە. شێخ حەسەن گوتی: "ئێمە وەك پارتی لە كۆی ناوەندەكانی دەنگدان سكاڵامان تۆمار كردووە سەبارەت بەو پێشێلكاریانەی كە حیزبی دەسەڵات لە سنوورەكە ئەنجامی داون، لە ناوەندی وا هەبووە بریكارەكانی پارتی كراونەتە دەرەوە، لە زۆربەی ناوەندەكانی دەنگدانیش هێزی نامۆی تێدا بووە، هەروەها لە بەشێكی ناوەندەكان كارمەندانی كۆمیسیۆن دەركراون".
لە سێلمانی ڕێژەی دەنگدان لە ئاستێكی كەمدا بووە، بۆیە پارتی گومانی هەیە لەو ڕێژەیەی لە كۆتاییی دەنگداندا ڕاگەیاندرا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی بڕوای وایە: "ئەو ڕێژەیەی ئێمە لە بریكارەكانمان پێمان گەییشت تا كاتژمێر 12، لە 9%ی هاووڵاتیان بەشدارییان كردووە، لە كاتژمێر 3ـی پاشنیوەڕۆ لە سلێمانی 22% بووە، بۆیە بە هۆی دروستكردنی پشێوی، كۆمسیۆن ڕایگەیاند كە پێوەندییان لەگەڵ سلێمانی نەماوە لە چوار سەعاتی كۆتاییدا، بەڵام ئامارێك بڵاو كرایەوە كە لە سلێمانی %54ی خەڵك بەشداری كردووە، ئێمەیش گومانمان هەیە لەو ڕێژەیە و سكاڵایشمان لەسەری هەیە".
kdp-
