یان کۆبیچ پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد
ڕۆژی دووشەممە ١ـی ١٠ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە یان کۆبیچ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆشحاڵیی خۆی بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی و پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد و بە پڕۆسەیەکی سەرکەوتووی لەقەڵەم دا.
هەرەوەها، یان کۆبیچ، ڕێژەی بەشداریی خەڵکی کوردستانی لەو هەڵبژاردنەدا وەک نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسیی خەڵکی کوردستان، نرخاند و بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکەشی وەک نیشانەیەکی گرینگی پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێم، ناساند.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی دروستکردنی حکوومەتی تازەی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە، تاوتوێ کرا.
kdp -
