هاوپەیمانی بینا پشتگیریی خۆی بۆ فواد حوسێن راگەیاند
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، شەوی یەکشەممە 30/9/2018، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆک مەسعود بارزانییەوە کردووە.
هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، لە پەیوەندییەکەدا، هادی عامری پشتیوانیی هاوپەیمانیی بینای بۆ فواد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، دەربڕیوە.
پارتی بە فەرمی فواد حوسێنی وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی پارتی، بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کاندید کردووە.
لە ساڵی 2005ـەوە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و فوئاد مەعسوم، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوە دەبەن.
ھەرچەندە ئەرکی سەرۆک کۆمار چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستووری وڵاتە، بەڵام ئەو دوو سەرۆک کۆمارە نەیانتوانی گوشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە بۆ گەلی کوردستان، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیسدارەی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکھاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکھاتەی عەرەبی شیعەیە.
باسنیوز
