ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک مانگدا 80 هاووڵاتیی کورد دەستگیر کراون
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەردا لانیکەم ٨٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو ٨٢٪ زیادی کردووە.
لەمبارەوە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) بڵاوی کردووەتەوە لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، لانیکەم ٨٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ٣ کەسیان ژن و ٧٧ کەسی دیکەیان پیاو بوون.
ڕێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد بە نیسبەت مانگی پێشتر (ئاگۆست) کە ٤٤ حاڵەت بووە، ٣٦ حاڵەت واتە ٨٢٪ بەرز بووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیاترین هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کراون کە ٤٣ حاڵەت بووە، هەروەها ٣٦ هاووڵاتی لە پارێزگای سنە و یەک هاووڵاتیش لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە ٤٠ کەس لەوانەی کە دەستبەسەر کراون، چالاکی مەدەنی بوون، ١٨ کەس چالاکی کرێکاری، ١٧ کەس چالاکی سیاسی، ٤ کەس تۆمەتەکەیان نادیارە و کەسێکیش چالاکی مەزهەبی بووە کە دەستبەسەر کراوە.
باسنیوز
