هێزێکی یەکێتی هەڵدەکوتنە سەر دوو بنکەی دەنگدان

 هێزێکی یەکێتی هەڵدەکوتنە سەر دوو بنکەی دەنگدان
ژمارەیەک چەکداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵیانکوتایە سەر دوو بنکەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بنکەکانیان داخست.

بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کە نەیوست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ڕايگەیاند: "کارمەندەکانمان ئاگاداریان کردووینەتەوە کە دوو بنکەی دەنگدان لەسنووری پارێزگای سلێمانی، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پەلاماری نوێنەری لایەنە سیاسییەکانیش دراوە. ئێمەش بەپەلە سەرووی خۆمان ئاگادار کردووەتەوە و داوامان کردووە ڕێگە بە کارێکی لەو شێوەیە نەدرێت“.

هەر لەمبارەیەوە کچە چاودێرێکی لایەنە سیاسییەکان بە کەناڵی (کوردستان٢٤)ی ڕاگەیاند کە ژمارەیەک چەکدار لە پەیمانگای کۆمپیوتەری سلێمانی پەلاماری بنکەکەی دەنگدانیان داوە و سندووقەکانی دەنگدانیان شکاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاند: "یەکێتی ژمارەیەکی زۆر کادیری خۆی لەکەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕەوانەی شاری سلێمانی، شارۆچکەی چەمچەماڵ، ھەڵەبجە و گەرمیان کردووە“.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان جەختی لەوەش کردەوە، کە زانیارییان لایە، یەکێتی پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقیی ساختەیان بۆ دەرکردوون، تاوەکوو بتوانن ساختەکارییەکی بەھێز بکەن. گوتیشی: ”ئەگەر یەکێتی ساختەکارییەکانی چڕ بکاتەوە، ھەڵوێستی خۆمان دەبێ و پرۆسەکە بەناشەرعی دەزانین و لە پڕۆسەی دەنگدان دەکشێینەوە“.










باسنيوز
Top