پەرلەمانتارێکی گۆڕان نهێنیی ساختەکارییەکانی یەکێتی ئاشکرا کرد
بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسینێکی بە ناونیشانی (گاڵتەجاڕی نەک هەڵبژاردن) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەمشەو ژمارەیەکی زۆر (رەگەزنامەی عێراقی) و (هوية احوال مدني)ی پڕ نەکراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی دوو کە تایبەتە بە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بارەگاکەی لە کەلار، براوە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە شەوی ڕابردوو چەند ئەفسەرێک کلیلی ئەو ژوورانەیان کە بەڵگەنامەکانی تێدایە، لە کارمەندەکانی بەشەکە وەرگرتووە و ھەموو بەڵگەکانیان بردووە، ئەمەش “مەترسییەکی ئێجگار گەورەیە و لە ئێستاوە ھەڵبژاردن نەک تەنیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو پێناسەکەشی لە کوردستان لە بنەمای دیموکراسییەوە دەگۆڕێ بۆ گاڵتەجاڕی”.
بێستوون فایەق دەڵێ ئەوان بە فەرمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیان لەم “ئابڕووچوونە” ئاگادار کردووەتەوە.
پێشتر بەڵگە و زانیارییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵێکی چڕی ساختەکاری لە شاری سلێمانی ئەنجام داوە.
باسنيوز
