پارتی: ناوی ژمارەیەکی زۆری خێزانە پارتییەکانی هەڵەبجە لە بنکەکانی دەنگداندا نییە
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە، ڕايگەیاند، خەڵێک ھەیە کە ناوەکەی لە بنکەیەک گواستراوەتەوە، ڕەنگە بەشێک لەوانە لەسەردەمی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران سەردانی بنکەکانیان نەکردبێت، بەشێکیشیان دەڵێن سەردانیان کردووە و ناوەکانیان لەو بنکانە نەماوە. گوتیشی: ”خێزانمان ھەیە بە تەواوەتی ناویان نەماوە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بەشێکی زۆری ئەوانەی کە ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەبارەوە کردوون، ئەو خێزانانەن کە لە ساڵەکانی پێشوو فۆرمی خۆراکیان ھەولێر بووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەم سنوورە، ئێستا ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران دیار نییە، گرفتی زۆری بۆ دروست کردووین“.
باسی لە چەند گرفتێکی دیکەی دەنگدەران کرد و ڕای گەیاند کە بەشێک لەو گرفتانە بەهۆی کەمیی کاتەوە رەنگە نەتوانرێت چارەسەر بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە سندووس حوسێن، بەرپرسی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ھەڵەبجە ڕايگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی حزبەکان بەتایبەت پارتییەکان، ناویان نییە و سڕاونەتەوە لە کۆمپیوتەر یاخود پەرتەوازە کراون و ھەر خێزانێک خراونەتە چەند قوتابخانەیەک، بۆ نموونە خێزانی ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٤وە لە یەک قوتابخانە دەنگمانداوە و بێ گرفت بووە، بەڵام ئەمڕۆ لەو قوتابخانەیە ناومان نییە".
هەر لەمبارەیەوە مەقسوود ڕەحمان، کارگێڕی ناوچەی ھەڵەبجەی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: ”لە سەرەتای پرۆسەی دەنگدانەوە تا ئێستا چاودێریی پرۆسەکەمان کردووە، لە ناوەندی قوتابخانەی شەھیدانی کیمیابارانی کچان و قوتابخانەی شارەزوور لە ھەڵەبجە، زۆرێک لە خەڵکی کە ھاتوون بۆ دەنگدان، بەتایبەت کادیر و لایەنگرانی پارتی، ناویان نییە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”تەنھا لە بنکەی قوتابخانەی شەھیدانی کیمیاباران، نزیکەی ٣٠ کەس کە من ناسیومن و پارتین، ناویان نەھاتووەتەوە، ھێندەش من ئاگادار بم، لایەنەکانی دیکەش دەنگدەریان ھەیە کە ناویان نەھاتووەتەوە، بەڵام ئەوانەی پارتی زۆر زیاترن".
باسنيوز
