بنەماڵەی خالیدی خولەسوور داوا لە عەشیرەتەکەیان دەکەن دەنگ بە پارتی بدەن
خالیدی خولە سوور کە سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی ناسراوی سلێمانی بوو، هەروەها ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و شەش ساڵ پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لە گەڕەکی ڕزگاریی شاری سلێمانی دەستڕێژی گولەی لێکرا و کوژرا، دواتر عەشیرەتەکەی بەفەرمی ڕایانگەیاند کە چوونە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوه.
شاهۆ خالید خولە سوور لەو پەیامەیدا کە ئەمڕۆ شەممە(٢٩-٩-٢٠١٨) بڵاویکردووەتەوە وێڕای ڕاگەیاندنی پشتگیری خۆی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێ"داوای خۆم ئاڕاستەی یەك بە یەكی ڕیش سپیان و پیاوماقوڵان و ژنان و گەنجانی عەشیرەتی غەوارە و هەموو دۆستان و هاوڕێیانم دەكەم زۆر بە گەرمی و بە گوڕ و تینی هەڵبژاردنی پێشوو كە خۆم لە خزمەتاندا بووم توانیمان باڵانسی بەدەستهێنانی دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاد بكەین لەو ناوچانەی كە غەوارەنشینن ئێستاش بەهەمان نەفەس و گەرم گوڕیەوە لە ڕۆژی دەنگدان ڕووبكەنە سندووقوكەكانی دەنگدان دەنگی خۆتان بدەن بە لیستی ژمار ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردوستان".
کوڕەکەی خالیدی خولە سوور کە ڕایگەیاندووە ئێستا بەمەبەستی خوێندن لە دەرەوەی وڵاتە دەشڵێ"دەنگ بدەن بە پەسەندكراوەكانی سەرۆك (مەسعود بارزانی) دڵنیابن هەموو ئەو داخوازیانەی كوردستانیان هەمانە تەنیا لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دێتە بەرهەم بۆیە دەنگدان بە لیستیەكەی (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگدانە بە مرۆڤایەتی بەغیرەت بە كەرامەت بە وەفا بە ئومێدێكی بەرزەوە بەورەیەكی بەرز بۆ پێشەوە بڕۆن خۆ نەچەمێنن".
bas news-
