نێچیرڤان بارزانی: ئەوانەی توانجیان لێمان دەدا ئێستا بە تۆزی دوای کوردیش ناگەنەوە

نێچیرڤان بارزانی: ئەوانەی توانجیان لێمان دەدا ئێستا بە تۆزی دوای کوردیش ناگەنەوە


سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوتابییە یەکەمەکانی پۆلە ناکۆتاکانی لە هەرێمی کوردستان خەڵات کرد.



لە میانی وتارێکیدا کە لە مەراسیمی خەڵاتکردنی قوتابییەکان پێشکەشی کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”خوێندن هەر بۆ وەرگرتنی زانست و داهاتووی شەخسیی خۆتان نییە، بەڵکوو بۆ درووستکردنی وڵات و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێزە لەپێناو بەگژداچوونەوەی ناحەزاندا“.



ئاماژەشی بە دوو دێڕە شیعری فایەق بێکەس، شاعیری ناوداری کورد کرد کە ٧٥ ساڵ لەمەوبەر گوتوویەتی (دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە، رەوشتی پاک و خزمەتکردنە). باسیشی لە نووسینێکی ویلیەم ئیگلتن، نووسەری ئەمریکی کرد کە لە کتێبی (کۆماری مەهاباد)دا نووسیویەتی (لە شۆڕشی ئەیلوول کاتێک قوتابییەک دەچووە پاڵ شۆڕش، مەلا مستەفا بارزانی دەیناردەوە و دەیگوت بڕۆ خوێندنەکەت تەواو بکە، ئێمە زیاتر پێویستیمان بە زانست و خوێندنە وەک لە چەکداری)، ئەم هەڵوێستەشی بە بەڵگە لەسەر گرنگیی خوێندن لە کوردستان لە قەڵەم دا.



نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ”ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دۆخی ساڵانی رابردوو و کاریگەریی خراپی قەیرانەکان لەسەر پەروەردە، هیچ کات سستیی پشتیوانیمان لە خوێندن و پەروەردە پێوە دیار نەبووە، زۆریی ژمارەی قوتابخانە و مامۆستا و زانکۆکان بەڵگەیە لەسەر ئەوە“. جەختیشی کردەوە: ”دەمانەوێ بە خوێندن و زانست و هۆشیاری پێشبڕکێی خۆمان ببەینەوە، ئەوانەشی دوێنێ توانجیان لێمان دەدا و دەیانگوت کورد ببن بە حکوومەتیش ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، کەچی ئێستا خۆیان هێندە دواکەوتوون کە ناتوانن بە تۆزی دوای کوردیش بگەن“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر شەڕی داعش نەبووایە، ئێستا لە هەوارێکی دیکە و قۆناغێکی دیکە هەنگاو دەنرا و جەختی کردەوە: ”داعش خەنجەرێکی نامەردی بوو کە لە حکوومەت و هەرێمی کوردستان درا. داعش ئەوەندەی گورزی لە کوردستان دا، هێندە گورزی لە هیچ کوێیەکی دونیا نەداوە. خوای گەورە لە داهاتوو دەریدەخات کە کێ بوون ئەوانەی داعشیان هێنایە سەر ئێمە. تەنیا لەبەر ئەوەی ویستوومانە ژیانێکی شیاو بۆ مرۆڤ لێرە درووست بکەین“.



هەر لە وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە کوردستان تەنیا بە خوێندن و زانست لە تاریکی و نەزانی ڕزگاری دەبێ و بە ڕۆژی ڕووناکی خۆی دەکات، بەتایبەتیش کە کوردستان ئێستا لە سەرەتای ڕێگەی پێشکەوتن دایە. گوتیشی: ”راستە قەیران و دۆخی سەختی چەند ساڵی ڕابردوو وەک هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان رەنگدانەوەی خراپی لەسەر پەروەردە هەبووە، بەڵام هێشتا هەڵسەنگاندنی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی بواری پەروەردە، بەرەوپێشچوونی پەروەردە لە کوردستان نیشان دەدەن“.
bas news-
Top