چەکدارانی سەر بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە ڕۆژنامەنووسێک دەدەن
ماڵپەڕی (وێستگە نیوز) کە ماڵپەڕێکی شاری سلێمانییە، کەمێک لەمەوبەر بڵاوی کردەوە، ژمارەیەک چەکداری پاسەوانی بنکەی سەرکەوتن لە شاری سلێمانی، پەلاماری سەرنووسەری ماڵپەڕەکەیان داوە و لێیان داوە.
لەمبارەیەوە سیروان غەریب، سەرنووسەری ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە داوە: ”باجی کۆمسیۆن و باجی وێستگە نیوزم پێبوو، کۆمەڵێکیان ھاتنە پێشەوە و پێیان گوتم تۆ وێنەت گرتووە بە مۆبایلەکەت، گوتم باجی کۆمسیۆنم ھەڵواسیوە، راگەیاندنکارم و تائێستاش وێنەم نەگرتووە، بەڵام لێیان دام و لەزەوییەکە بەپێش چاوی ئەو خەڵکەوە خستیانم، مۆبایلەکەیان بردم".
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دوای سکاڵا تۆمارکردنی لای بەرپرسی بنکەکە، مۆبایلەکەی وەرگرتووەتەوە و چەکدارەکانیش بۆیان ڕوون بووەتەوە کە هیچ وێنەیەکی بە مۆبایلەکەی نەگرتووە.
سیروان غەریب پەلاماردانەکەی و لێدانی بەوپەڕی سووکایەتیکردن بەو ئازادییە لەقەڵەم دا کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کردبوویان بە درووشم.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بنکەکە لەلایەن دەستەی پاسەوانانی وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانییەوە دەپارێزرێت، بۆیە گوتی: ”بەراستی چاکی دەپارێزن".
باسنيوز
