هۆشیار سیوەیلی: پارتی سەلماندی كه‌ جێگەی متمانەی خەڵكە، بۆیە دەنگی پێ دەدەن

 	 هۆشیار سیوەیلی: پارتی سەلماندی كه‌ جێگەی متمانەی خەڵكە، بۆیە دەنگی پێ دەدەن
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان متمانەیەكی زۆریان بە پارتی ھەیە، بۆیە دووبارە دەنگ بەو حزبە دەدەنەوە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕزگاركردنی خەڵكی كوردستان لەو ھەموو قەیرانانە، سەلماندی كە جێگەی متمانەی خەڵكە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی ١٨٣ و بە درووشمی بنیاتنانی كوردستانێكی بەھێز، دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە و، خەڵكی كوردستانیش لە ھەموو چینوتوێژەكان پێشوازی لە لیستی پارتی دەكەن.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، هۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە زۆر بە باشی خۆی بۆ ھەڵبژاردن ئامادە كردووە و، پێشوازیی خەڵكی كوردستانیش لە لیستی پارتی، زۆر باش و گەرموگوڕە، بۆیە پێشبینیی ئەوە دەكەین كە پارتی ئەمجارە دەنگ و كورسییەكانی زۆر زیاد بكەن بەراورد بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش".

سیوەیلی گوتیشی: "خەڵكی كوردستان متمانەی زۆری بە پارتی دیموكراتی كوردستان ھەیە، چونكە لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان توانی خەڵكی كوردستان لەو ھەموو قەیرانانە رزگار بكات و بە تەنیا بەرپرسیارەتیی ھەڵگرت، بۆیە خەڵكی كوردستان گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە جگە لە پارتی، ھیچ حیزبێكی دیكە ناتوانێ خزمەتیان بكات".

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، هاوكات ڕوونیشی كردەوە: "پارتی توانی پلانەكانی دوژمن پووچەڵ بكاتەوە و ئەمنییەتی ھەرێم بپارێزێت، هەروەها لە ڕووی ئابوورییشەوە ھەرێم بەرەو دۆخێكی باش ببات، جگە لەوەش، سەرەتای ساڵی دابێ، گۆڕانكاریی زۆر باش ڕوو دەدەن و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا دەبن".
kdp-
Top