به‌نگین ڕێكانی: پۆستی سه‌رۆككۆمار مسۆگەرە.. یه‌كێتی دوو ڕێگای له‌پێشه‌

به‌نگین ڕێكانی: پۆستی سه‌رۆككۆمار مسۆگەرە.. یه‌كێتی دوو ڕێگای له‌پێشه‌
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خوولی ئەم جارەی پۆستی سەرۆککۆمار جیاواز لە خوولەکانی تر، بەربژێری خۆی داناوە کە د.فواد حوسێنە. ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتییش لە بەغدا دەڵێت، سەرکەوتنی بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەرە.

جیاواز له‌ خووله‌كانی رابردوو، له‌بری بەربژێرێك بۆ پۆستی سەرۆککۆمار چه‌ندان به‌ربژێر هه‌ن؛ ئه‌وه‌شی كه‌ جیاوازییه‌كه‌ی زه‌قتر كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كیی كوردستانی (پارتی و یه‌كێتی)، دانوستانه‌كانیان بۆ سه‌رخستنی به‌ربژێره‌ تایبه‌ته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كۆی لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵباژردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چڕ كردووه‌ته‌وه‌.
نوێنەری شاندی پارتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی عێراق، بەنگین ڕێکانی، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، ئەم جیاوازییە کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە لە بەغدا لە خوولەکانی پێشوو کوردستانییەکان بە یەک کاندید دەچوونە بەغدا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ڕێککەوتنێکی سیاسییشیان ھەبوو، بەڵام ئەم جارە یەک بەربژێریان نییە و ھیچ ڕێککەوتنێکیش له‌ نێوانیاندا نییە، جا ئەم جیاوازییە کێشە دروست دەکات بۆ هه‌ردوو لایان.

ڕێکانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت "لە ماوەی ڕابردوودا وەک پارتی ھەموو ھەوڵی خۆمان دا بگەینە ڕێککەوتنێک، بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ یەکێتیدا، بۆیە ئێستایش کات ماوە، ئەگەر بیانەوێ شتێک بکەن، یان ڕێک بکەون لەگەڵ پارتی، پارتی کاتی ئەوەی داوەتە یەکێتی لەگەڵی بێتە سەر ڕێ. هه‌ڵبه‌ت پارتی خوازیار بوو ڕێک بکەون لە سەر کاندیدێکی ھاوبەش، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەش نەماوە کە ئێمە پێیان بڵێین پۆستی سەرۆکایەتیی ھەرێم بۆ ئێمە و سەرۆککۆماریش بۆ ئێوە بێت، بۆیە ئێستا ڕەوشەکە تەواو جیاوازە."

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی لە بەغدا ڕایشیگەیاند: "لەو کاتەوەی پارتی بەربژێری خۆی دیاری کرد لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننەوە به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ بەربژێره‌كه‌ی پارتی به‌ربژێری جه‌نابی سه‌رۆكه‌، زۆر ڕێزیان لێی گرتووە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆی ھەبووە.. تا ئێستایش ھەر کۆبوونەوەیەکمان کردبێت لەگەڵ ھەر لایەنێکی عێراقیدا ئەنجامێکی باشی ھەبووە و بەردەوامیشین."

ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆیشیان به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیستی فه‌تح كه‌ زۆرترین كورسیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ركه‌وتووه‌، ڕێکانی گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ عامری و مالیکی دانیشتین و لەگەڵ کۆمەڵێک سوننەش دانیشتین، دووبارە سەردانی پەرلەمانیشمان کردەوە، چەند کەسایەتییەک ھەیە سەردانمان کردوون، پێمان گوتوون کە بەرنامەی پارتی بۆ وەرگرتنی سەرۆککۆمار و مەبەستی پارتی لە وەرگرتنی سەرۆککۆمار چییە و بۆچی پارتی دەیەوێت بۆ خوولی ئەمجارە ئەم پۆستە وەربگرێت. ھەندێک دیعایە و قسە و قسەڵۆک لە لایەن ھەندێ برادەرەوە دەکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بۆ ھەموان دەردەکەوێت ئامانج و بەرنامە و پڕۆگرامی پارتی چییە لە وەرگرتنی سەرۆککۆمار."

بەنگین ڕێکانی نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕێككه‌وتن و یه‌كێتی هێنانه‌ سه‌ر ڕێی دانوستان له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه‌ به‌رده‌وامن و ئاشكرای كرد "ئێمە دوو بژرادەمان بۆ یەکێتی پێشنیاز کردووە تا پۆستی تریان بدەینێ، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتێکی سیادی و دووبارە پارێزگاری کەرکووکیان بۆ شیکار بکەین. دووەم بژاردەش ئه‌وه‌یه‌، ھەموو پەرلەمانتارانی کورد لە ھۆڵی پەرلەمان بڕیار لەسەر یەک بەربژێر بدەن و ئەو بەربژێرە ببێتە تاکە کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە، ئینجا ئەو کاندیدەی ھەڵدەبژێردرێت پارتی بێت یان یەکێتی، دەبێتە بەربژێری ھەموو کورد بۆ ئەو پۆستە."

ڕێکانی لە چانسی سەرکەوتنی بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە یەک وشە وەڵامی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دایەوە و گوتی: "بە پشتیوانیی خودا مسۆگەرە."

پرسی فره‌به‌ربژێریی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار مێدیای جیهان و ناوچه‌كه‌شی ته‌نیوه‌ و ڕۆژنامەی (ئەخبار)ی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی ڕاپۆرتێکی له‌و باره‌وه‌ بڵاو کردووەتەوە و تێیدا زانیاری دراوه‌، كه‌ د. فوئاد حوسێن دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق و چەند ھۆکارێکیشی خستوونه‌ته‌ به‌ر باسه‌وه‌ كه‌ نیشانی ده‌ده‌ن کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستەکە بە دەست ده‌ھێنێت.
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌، ھۆکاری یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھاوپەیمانەتییەکەی نووری مالیکی و ھادی عامری (ھاوپەیمانەتیی بینا) لە پارتی نزیکترن و ڕازین بە کاندیدەکەی پارتی و، لایەنە سوننەکانیش لەگەڵ ئەوەدان پارتی پۆستی سەرۆککۆمار لە یەکێتی وەربگرێت، بەتایبەت کە لە سێ خوولی ڕابردوودا ئەو پۆستە لای یەکێتی بووە. ھۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە لایەنەکانی کوردستان، تا ئێستایش نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ بەربژێرێکی ھاوبەش، کە ئەوەش چانسێکی زیاتر دەدات بە کاندیدەکەی پارتی، چونکە گەر ڕێککەوتن ھەبوایە، ھەموو پۆستەکانی حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە یەکەوە کۆ دەکرانەوە و دابەش دەکران.
kdp -
Top