پرۆفیسۆرێکی ئەمریکی لەسەر وەسیەتی خۆی لە کوردستان نێژرا
دکتۆر هەژار رەحیمی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سۆران لە لێدوانێکیدا گوتی: "هەر وەک پێشتر دکتۆر نیکۆڵاس ریۆن، پسپۆڕی دەروونزانی و مامۆستا لە زانکۆی سۆران وەسیەتی ئەوەی کردبوو ئەگەر وەفاتی کرد هەر لە کوردستان و لە شاری سۆران بنێژرێت، بۆیە ئەمڕۆ لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەییەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆی سۆران و نوێنەری کۆنسوولخانەی ئەمریکا و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی ناوچەکە و کەسایەتیی ئایینی موسڵمان و مەسیحی لە گۆڕستانی دیانا کە تایەبەتە بە مەسیحییەکان، تەرمەکەیمان بە خاک سپارد".
دکتۆر هەژار رەحیمی ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد کە دوای وەفاتکردنی دکتۆر نیکۆلاس پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کرا کە لە ئەمریکاوە نیشتەجێن، سەبارەت بە جێبەجێکردنی وەسیەکەتەکەی، خانەوادەکەی ڕەزامەندییان دەربڕی بەوەی تەرمەکەی لە کوردستان بنێژرێت و بەڵێنی ئەوەشیان داوە دوای هەڵبژاردنەکان ئەندامێکی بنەماڵەکەی ئامادە بێت و ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ساز بکرێت".
گوتیشی: "بەهۆی خۆشەویستیی دکتۆر نیکۆلاس بۆ کورد و کوردستان پەیڕەوکردنی هەموو داب و نەریتە کوردەوارییەکان، کەسایەتییەکی زۆر ناسراو و خۆشەویست بوو لەلاین مامۆستایان و قوتابیان و خەڵکی ناوچەکە و کوردستان بەگشتی".
پڕۆفیسۆر دکتۆر نیکۆلاس لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ساڵی ٢٠١٥ هاتووتەتە کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بەمەبەستی دەستبەکاربوونی وەک مامۆستا گرێبەستێکی لەگەڵ زانکۆی سۆران واژۆ کرد.
لە ڕێکەوتی ٣١-٨-٢٠١٨ بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سۆران کۆچی دوایی کرد".
باسنيوز
