دلاوەر ئاژگەیی: قسەکانی نەجمەدین کەریم لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بە هەند وەردەگیرێن

 دلاوەر ئاژگەیی: قسەکانی نەجمەدین کەریم لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بە هەند وەردەگیرێن
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا باس لەوە دەکات، کە قسەکانی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و بارودۆخی کەرکووک بە هەند وەردەگیرێن و گوێی بۆ دەگیرێت.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕايگەیاند: "د. نەجمەدین کەریم لە کۆنفرانسێکدا بۆچوونی خۆی دەربڕی و تێیدا باسی لە ڕووداوەکانی دەستپێکی بڕیاردان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و ئەو دانوستان و فشارانە کرد، کە لەسەر کوردستان هەبوون بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام نەدات".

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتیشی: "د. نەجمەدین کەریم کەسێکی تایبەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبەر ئەوەی ناسنامەی ئەمریکی هەیە، هەورەها قسەکانی بە گشتی بەهەند وەردەگیرێت و گوێی لێ ڕادەگرن".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەمڕۆ سێشەممە کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگی دوو لایەنە ئەنجام دەدات، لەوانە کۆبوونەوە لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، ڕێکخەری سیاسەتی گرووپی کۆنسەرڤاتیف، گروپی سۆشیال دیموکراتەکان کە دووەم گەورەترین گرووپن کە ١٩٦ ئەندامیان هەیە، گرووپی سەوزەکان، بەرپرسی کۆمیتەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەورووپا کە لێژنەیەکی زۆر گرنگی پەرلەمانی ئەورووپایە".

گوتیشی: "کۆبوونەوەکان لەسەر بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەسەریان هاتووە، لەزاری خۆیەوە ڕوونکردنەوەی لەسەر دەدات، ئەوەش گرنگیی خۆی هەیە، چونکە تا کۆتایی لەناو ڕووداوەکانی کاتی ڕیفراندۆم بووە".











باسنيوز
Top