هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنیی سوننەمەزهەبەکان: هاوپەیمانییەکەمان رێککەوتنی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار

هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنیی سوننەمەزهەبەکان: هاوپەیمانییەکەمان رێککەوتنی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار
هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنیی سوننەمەزهەبەکان، بۆ دەنگدان بە کاندیدی سەرۆک کۆماریی عێراق خۆیان یەکلا کردەوە.



رۆژی سێشەممە 25.9.2018، لەیس دلێمی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هاوپەیمانییەکەیان رێککەوتنی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە.



لەیس دلێمی هەروەها رایگەیاندووە، پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق مافی پێکهاتەی کوردە و لە پەرلەمانی عێراقیش کۆدەنگی لەسەر دەنگدان بە کەسایەتییەکی میانڕەو و جێی رەزامەندیی کوردەکان، هەیە.



گوتەبێژی میحوەری وەتەنی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کە هاوپەیمانییەکەیان دەنگ بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەدات.



پارتی بە فەرمی فواد حوسێنی وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی پارتی، بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کاندید کردووە.



لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و فوئاد مەعسوم، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوە دەبەن.



ھەرچەندە ئەرکی سەرۆک کۆمار چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستووری وڵاتە، بەڵام ئەو دوو سەرۆک کۆمارە نەیانتوانی گوشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە بۆ گەلی کوردستان، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیسدارەی ھەرێمی کوردستان.



بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکھاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکھاتەی عەرەبی شیعەیە.




باسنیوز
Top