عەبدولسەلام بەرواری: نھێنیی مانەوەی پارتی میللەتە
لە ھەڵبژاردنی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە و دواتر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی براوەی یەکەمی ھەموو ھەڵبژاردنەکان بووە، ھەرکاتێک بابەت ھاتبێتە سەر وەرگرتنی بۆچوونی ھاووڵاتییان ئەوە بژاردەیان پارتی بووە. لەوبارەیەوە عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی پێی وایە: "نھێنیی مانەوەی پارتی وەک ھێزی یەکەمی کوردستان لە ماوەی ٧٢ ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دەگەڕێتەوە، چونکە ڕێبازی بارزانی ئایدیۆلۆژییەک نییە لە دەرەوە ھاوردەی کوردستان کرابێت، نە گرووپێکی تایبەت بە توێژێکی کۆمەڵایەتیشە، بەڵکو پارتی حزبی میللەتە و ھەموو کەسێک لە نێو پارتیدا خۆی دەبینێتەوە."
عەبدولسەلام بەرواری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ڕەسەنایەتی و دەستکەوتەکانی ڕابردوو لەسەر دەستی پارتی بەدەست ھاتوون، ئەوەش ھۆکارێکە و خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستییانە دەبینێت. پێم وایە ھۆکارێکی دیکە بۆ ڕاستگۆیی و ھەڵوێستی نەگۆڕی پارتی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، ھەمیشە پارتی ھەڵوێستێکی ھەبووە کە جیاواز بووە لە ھەموو ھێزێکی دیکەی سیاسی. نایشارمەوە ھەبوونی سەرکردایەتییەکی ژیرانە، بەتایبەت مەرجەعێکی وەک سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی حزبێک بکات وای کردووە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو چین و توێژەکانەوە لە دەوری پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ ببنەوە."
لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا سەرەڕای ئەو ھەموو پیلانەی دژی ھەرێمی کوردستان و پارتی کرا، کەچی پارتی ھێزی یەکەمی عێراق دەرچوو، وەک سەرۆک بارزانیش دەڵێت: "ھەندێک ھێز و لایەن چاوەڕێی ئەوە بوون کۆتاییی پارتی ببینن، بەڵام دەرکەوت جەماوەری کوردستان لەگەل پارتییە." عەبدولسەلام بەرواری جەختی کردەوە: "میللەت لەگەڵ پارتییە، بۆ ھەموو لایەکیش ڕوون بووەتەوە دوای ئەو ھەموو ساڵە و بڕینی چەندین قۆناغی سەخت و دژوار لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا پارتی حزبی یەکەمی کوردستانە، ئەوە بەشێکە لەو نھێنیەی کە پارتی ھەمیشە لە لووتکەدا بمێنێتەوە و لە داھاتووشدا ئاسۆ ڕوونە لە بەردەم میللەتی ئێمە، چونکە پارتی بە شێوەیەک سیاسەت دەکات باشترینی بۆ میللەتەکەی بەدەست بێنێت، ئەم جارەش لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول پێشبینی سەرکەوتنی گەورەتر بۆ پارتی دەکرێت."
kdp-
