دهۆک جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوێ

 	 دهۆک جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوێ
دهۆکییەکان لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگیان بۆ پارتییە و هیچ لایەنێکی تر قبووڵ ناکەن وەک بەرپرسی لقەکانی پارتی دەڵێن، دهۆکییەکان دەزانن تەنیا ئەوەی پشتگیریی گەلی کورد بکات و خاوەن مەبدەئی دروست بێت، تەنیا پارتی و بارزانییە.



لە ڕووی سەربازییەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە خۆی بە قەڵغان دیتووە بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان و پاراستنی شەرەف و کەرامەتی تاکی کورد هەر لە ڕۆژی یەکەمی شەڕی داعشەوە پارتی بە سەرۆک و کادر و لاینەگرەکانییەوە لە سەنگەری پێشەوەی شەڕ بوون. لەم ڕووەشەوە، سەربەست تروانشی، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دهۆک دەڵێت: "پارتی قەت پشتی لە گەلەکەی نەکردووە و نایشیکات، بینیمان ئەوانەی لە سەنگەری پێشەوەی شەڕ بوون لە ناوچەکە و کوردستان هەر پارتی بوون."



سەربەست تروانشی گوتی: "خەڵکی دهۆک دوژمنشکێنە و دهۆک بوو لە ١٢ی ئابی ئەمساڵدا داستانێکی تۆمار کرد و خەڵکی دهۆک هۆشیارە و دەزانێت کێ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکات و کێ پشت لە گەل دەکات."



تروانشی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە گەیشتووینەتە ئەم قۆناغە و یاریمان بە قەدەری خۆمان نەکردووە و پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ خەڵکی کوردستان پەیوەندییەکی بنچینەییە و لەسەر بنیاتی شەرەف و کەرامەت بنیات نراواە."



"پارتی توانی دڕەندترین ڕیکخراوەی تیرۆریستی لەنێو ببات و توانیمان سیاسەتی ئینکاری کوردبوون هەڵوەشێنین و کەس ناتوانێت نکۆڵی لە کورد و کوردبوون بکات و توانی خەونی دژە کوردەکان و دژە پارتییەکان لە گوڕ بنێت." تروانشی وای گوت.





لە ڕووی سیاسییەوە، پارتی ئەو هێزە نییە لە کاتی قەیران و ناخۆشییەکاندا پشت لە گەلەکەی بکات و موزایەدات بەسەر خەڵکدا بکات و گەلەکەی بەتەنیا بەجێ بهێڵێت. لە کاتی هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان و پێشێلکردنی بەندە دەستوورییەکان و بڕینی مووچە و بودجەی خەڵکدا چەندین لایەنی سیاسیی کوردستانی لە بەرپرسیارەتی ڕایان کرد. لەم بارەیەشەوە، عومەر ئۆرەیی، بەرپرسی لقی پارتی لە ئامێدی گوتی: "هیچ جارێک پارتی لە بەرپرسیارەتی ڕای نەکردووە، بەڵکو چووەتە سەنگەری پێشەوەی شەڕ بە هەموو کادر و لایەنگرەکانیتەوە، هەندێک لایەن هەبوون دەیانەویست لەو ڕەوشە نەخۆشەدا ڕەوشی کوردستانیش تێک بدەن، کەچی پارتی نەیهێشت کوردستان بکەوێتە ژێر دەستی داعش."



ئۆرەیی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "خەڵکی دهۆک هۆشیارە و باش دەزانێت پارتی پشت لە گەلەکەی ناکات، چونکە هەندێک لایەن هەن تەنیا بۆ هەڵبژاردن بارەگایان بۆ دهۆک دەهێنن و دواتر دەچن، بەڵام پارتی لەو هێزانە نییە، چونکە لە گەلەوە دروست بووە و بۆ گەلیشە."



پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە پارێزگای دهۆک لە کۆی ١١ کورسی پەرلەمانیی ئەو شارە توانی ١٠ کورسی بەدەست بهێنیت.



پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی بە ئەرکی خۆی زانیوە، لە خاڵی ژمارە ١٠ی ئامانجی لیستی ١٨٣ی پارتیشدا بە ڕوونی ئاماژەی پێ دراوە.

کوردســتان وڵاتێکــی فرەڕەنگــە لــە ڕووی ئاییــن و ئایینــزا و نەتــەوە و پێکهاتەوە، فەرهەنگی لێبوردەییی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشـتییانە لـە سـیما گـەش و دێرینەکانـی کۆمەڵگەی کوردسـتانە، لیسـتی پارتی پاراسـتنی ئـەو کلتـوورە دێریـن و سـەنگینە بـە ئەرکی خـۆی دەزانـێ و کاری هەمیشـەیی بۆ قووڵکردنـەوەی دەکات.

لەم ڕووەشەوە، مەحموود ئێزدی، بەرپرسی لقی پارتی لە شێخان، دەڵێت: "پارتی هەمیشە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی لە باوەشی خۆی گرتووە و تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە بەرگری لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکات."

ئێزدی ئاماژەیشی دا: "ناوچەکانی پێکهاتەکان چەندین شەهیدیان هەبوون و پارتی و بارزانیش لە هەموو بۆنەکاندا پشتیوانیی خۆیان بۆ پێکهاتە ئایینییەکان نیشان داوە."
kdp-
Top