ژمارەیەک چەکدار لە خورماتوو گەنجێکی کوردیان رفاند
محەمەد فایق، بەرپرسی پێشووی رایگەیاندنی قایقمایەتی خورماتوو، لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە لە کاتژمێر 2:00ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/9/23 ژمارەیەک چەکدار، بە دوو ئوتۆمبێلی سەربازی مێک زەمینی جام رەش و رەنگ رەش، گەنجێکی کوردیان دەستگیر کرد.
بەرپرسی پێشووی رایگەیاندنی قایقمایەتی خورماتوو، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە گەنجە کوردەکە ناوی (بەرهەم محەمەد رەحیم)ە، کرێکاری مۆلیدەی گەڕەکە و دانیشتووی گەڕەکی کۆماریی خورماتووە، بۆ شوێنێکی نادیار رفێنراوە و هیچ کەسێک زانیاری لەو بارەوە نییە، کە ئەو هێزە کێن و سەر بە چ لایەنێکن، بۆچی ئەو کوڕەیان دەستگیر کردووە.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بەهۆی خیانەتێکی گرووپێکی خیانەتکراوە، خورماتوو و شاری کەرکووک، کەوتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بەهۆیەوە رۆژانە بە دەیان خانەوادەی کورد ستەمیان لێ دەکرێت و ئەو دەڤەرە جێ دەهێڵن.
باسنيوز
