وەزارەتی ئەوقاف سێیەمین خولی گوتاربێژی دەکاتەوە

وەزارەتی ئەوقاف سێیەمین خولی گوتاربێژی دەکاتەوە


گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە سبەی دەست بە سێیەمین خولی گوتاربێژی بۆ مامۆستایانی ئایینی دەکەن.



نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕاگەیاند: ”سبەینێ یەکشەممە 23\9\2018، سێیەمین خولی گوتاربێژی بۆ مامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، کە نزیکەی 50 مامۆستای ئایینی تێیدا بەشدارن و خولەکەش بۆ ماوەی 45 ڕۆژە، خولەکەش بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف بەوەکالەت، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە ڕاگری پەیمانگای کوردستانە“.



گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕوونیشی کردەوە، کە پێشتر دوو خول بۆ ڕاهێنانی مامۆستایانی ئایینی ئەنجام دراوە، ئامانج لە خولەکانیش ڕاهێنانی مامۆستایانی ئایینییە بۆ چۆنییەتی گوتاردان.



لەبارەی ژمارەی مامۆستایانی ئایینی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: ”ژمارەی مامۆستایانی ئایینی بە بەراورد بە مزگەوتەکان کەمن، ئێستا 3 هەزار و 14 مزگەوت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا گوتاریان تێدا دەدرت“.



نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ، ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرجەم مامۆستایانی ئایینی، ئەوانەی فەرمانبەری ئەوقافن و دامەزراون، لەگەڵ ئەوانەش کە خۆبەخشن، هەموویان بەشداریان لەو خولانەدا پێ دەکرێت، هەروەها خەرجی هاتوچۆ و مانەوەشیان لە ئەستۆی وەزارەت دەبێت.
bas news-
Top