سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ بووەوە
ئەمڕۆ شەممە 22\9\2018، لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی، لەگەڵ محەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری کۆ بووە و لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان، لە هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەوڵەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە هەموو لایەك لە پڕۆسەی سیاسی، پابەندی وادەی دەستوورییەکان بن، جەختیش لە پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان لە پڕۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە.
باسنيوز
