سەرۆک بارزانی بۆ فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا: پابەندی ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کوردستان بن

 سەرۆک بارزانی بۆ فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا: پابەندی ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کوردستان بن
سەرۆك بارزانی، لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.

ئەمڕۆ شەممە 22\9\2018، لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووە، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرەتا د. بەشیر ڕەشید حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و هاوكێشەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كار و چالاكییەكانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی، لە گوتەیەكدا دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، هاوکات ڕۆشنایی خستەسەر بایەخی هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەركەوتنی لیستی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە فڕاكسیۆنی پارتی نمونەی بەرزی ئاكاری سیاسی بێت، پابەندیش بێت بە ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلی كوردستان كە ئامانجی ستراتیژیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشن.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی بە تێروتەسەلی ئەو هۆكارانەی باس كرد كە لە قۆناغی ڕابردوودا بوونەتە هۆی پێشێلكردنی دەستوور و ڕێككەوتنەكان، نەمانی شەراكەت و سەرهەڵدانی كێشەكان، هەروەها سەرۆك بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم ئەوەی دووپات كردەوە كە هاووڵاتییانی عێراق لەو هەڵبژاردندا ئەو دەموچاوانەیان سزا دا، كە بە ڕوانگەیەكی شۆڤێنیانە سەیری گەلی كوردستانیان دەكرد و دژایەتیی مافەكانی خەڵكی كوردستانیان دەكرد.

سەرۆك بارزانی هێمایشی بە بەها بەرزەكانی خەباتی گەلی كوردستان كرد، كە هیچ كات پەنای بۆ تۆقاندن و كاری تیرۆر نەبردووە و پێكەوەژیانی پاراستووە و هیچ كاتیش ڕێگەی نەداوە كە ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراق ببێتە ناكۆكیی نێوان نەتەوەكان، هەربۆیەش قووڵتركردنی پێكەوەژیانی بە یەكێك لە ئەركەكانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە قەڵەم دا.

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی، جەختی لەوە كردەوە كە پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان لە حوكمڕانیدا زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكات.











باسنيوز
Top