قەرەتەپە.. حەشدی شەعبی سێ هاووڵاتیی کوردی دەستگیر کرد

 قەرەتەپە.. حەشدی شەعبی سێ هاووڵاتیی کوردی دەستگیر کرد
بە گوتەی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەرەتەپە سێ هاووڵاتیی کوردیان دەستگیر کردووە کە یەکیان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییە لە کەرکووک گەرمیان.

لەم بارەوە کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕايگەیاند: "بەڵێ، ئەو زانیارییانە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەوە ڕاستن".

ئەوەشی ئاشکرا کرد: "چالاک باوەنووری ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیانە، هەروەها بڕیار جاف ڕۆژنامەنووسە، هۆشمەند حەسەن چالاکی ڕێکخراوەییە و گوتیشی ئەوانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسە چوونەتە شارەدێی قەرەتەپە، بەڵام لەلاین حەشدی شەعبییەوە دەستبەسەر کراون".

لەو بارەیەوە چالاک باوەنووری یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دوای ئازادبوونی ڕايگەیاند: "کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی لەلایەن زابتی بەشی هەواڵگری حەشدەوە لە قەرەتەپە بۆ ماوەی ١:٣٠ دەستگیر کراین و پێیان گوتین کاری ڕۆژنامەوانی ڕێگەی پێ نادرێت و دەبێ پێش هەر کارێک مۆڵەت وەربگرن، دیارە پێشتر ناوەکانی ئێمە لە بازگەکانیان هەبووە".

گوتیشی: "هەرچەندە ئێمە بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک سەردانی قەرەتەپەمان کرد، بەڵام مەبەستێکی دیکەشمان هەبوو کە ئەویش ڕووماڵکردنی بارودۆخی قەرەتەپە بوو لەڕووی ڕاگەیاندنەوە".









باسنيوز
Top