نێچیرڤان بارزانی: پێشکەوتنەکانی کوردستان تەنیا لە لایەن پارتییەوە دێتە دی
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمەش دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانییە:
بەڕێزان
خۆشەویستان
ئەم کاتەتان باش
هەموو لایەکتان بەخێر بێن
هیوادارم هەمووتان دڵخۆش و بەختەوەر بن. خۆشحاڵم ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەگەڵ ئێوەدا بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە بتوانین بەرەو پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ کوردستان هەنگاو بنێین. ئێوە هێزی کۆمەڵگەی کوردستانن و ئێستا و داهاتووی وڵات هەر لە دەستی ئێوەیە. دەبێ لە سایەی ڕۆڵی کارای ئێوەدا، کوردستان لە پێشکەوتن بەردەوام بێ. دەبێ هەوڵیش بۆ ئەوە بدەین کە سیستەمی ژیان لە کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەرەو سیستەمێکی پێشکەوتوو و سەردەمییانەتر بگۆڕین. ئەو هەموو هیوا و ئاواتانەش بێگومان تەنیا لە ڕێگەی حزبە کۆڵنەدەرەکەی خۆتانەوە دێتە دی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بەڕێزان
ئێمە ئەمڕۆ لێرەین پێکەوە بۆ پشتیوانی لە لیستی ١٨٣ی پارتی. لە ڕاستیدا ئێمە هەر تەنیا بۆ ئەوە لێرە نین کە دەنگ بە لیستەکە، بەڵکوو بۆ ئەوەش لێرەین کە دەنگی زیاتری بۆ کۆبکەینەوە، لە پێناو ئەوەی پارتی هێز و گوڕێکی زیاتری لە بەڕێوەبردنی داهاتووی ئەم وڵاتەدا هەبێ. مافی خۆمانە خەڵکی زیاترمان هەبێ و هەموو خەڵکیش ئەو مافەی هەیە. ڕابردوو سەلماندوویەتی کە شەراکەتی لاواز و لەرزۆک و بێبەرنامە زیاتر کۆسپ درووست دەکات نەک پێشکەوتن. لەبەر ئەوە دەبێ ئێمە هەوڵ بدەین زۆرترین ژمارەی دەنگدەر دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. ئەم پارتە لە مێژوو سەلماندوویەتی کە پارتی دەستێکی ئەمینە و حزبێکی باوەڕپێکراوی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە. بە پاڵپشتیی ئێوەی خۆشەویستیش، پارتی هەر دەمێنێتەوە بەحزبی باوەڕپێکراوی هەموو کوردستان.
ئازیزان
خۆتان دەزانن پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە حزبێکی چالاک بووە و تائەمڕۆ هەر بە هێز و گوڕی خۆی ماوەتەوە. هێزی پارتی لەغەیبەوە نەهاتووە، لە پشتی ئێوەوە هاتووە. هێزی پارتی لە پشتی خەڵکی ڕەشوڕووت و سادەی کوردستانەوە هاتووە. پارتی واتە پێشمەرگە، پێشمەرگەش واتە لاوانی گیان لەسەر دەست کە زۆرترین قوربانییان بۆ سەرکەوتنی بەرنامەی پارتی و ئامانجی پارتی داوە. ئەمەیە نهێنیی مانەوە و سەرکەوتنی بەردەوامی پارتی لە کوردستان و عێراقدا.
باسنيوز
