سەرۆک بارزانی: ئێمە ئامانجی ستراتیجیمان هەیە نەک سیاسەتی رۆژ

 سەرۆک بارزانی: ئێمە ئامانجی ستراتیجیمان هەیە نەک سیاسەتی رۆژ
سەرۆک بارزانی لە وتارێکدا رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامانجی ستراتیجی هەیە و بەپێی سیاسەتی رۆژ مامەڵە ناکات.

رۆژی پێنجشەممە 20/9/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەتەوە و وتارێکی پێشکەش کردووە.

لە وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نابێ ئەندام، کادیر و کاندیدانی پارتی وەڵامی تەشهیر و بێڕێزییەکانی هیچ لایەک بدەنەوە و کاتێک لە شوێنی دیکە وێنەی کاندیدانی پارتی دەدڕێنن، دەبێ پارتییەکان لە بەرامبەردا ئەو پۆستەرانەی کاندیدانی حزبەکانی دیکە راست بکەنەوە، کە بەربوونەتەوە و کەوتوونەتە سەر زەوی.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی کادیرانی پارتی کردووە، کە بەردەوام لە کاتی تەنگانەدا بە خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونەوە شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەسەنگەری پاراستنی کوردستاندا بوون.

سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە خەباتی پێشمەرگەی بە بیر هێناوەتەوە، کە لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان قوربانییان داوە و رایگەیاندووە، ”ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست“.

سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا رایگەیاندووە، ”ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە کە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پەیوەندیمان هەبێت و هەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمیش چەندین جار رامانگەیاند، کە دەمانەوێ بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین و دوای ریفراندۆم دەست بە گفتوگۆیەکی جیدی بکەین، کەچی بەداخەوە ئەوان دەرگای گفتوگۆیان داخست و زوڵمیان لە گەلی ئێمە کرد و ئێستاش پەشیمانن“.

سەرۆک بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی ئامانجی گەلی کوردستان سەربەخۆییە، رایگەیاندووە، گەلی کوردستان بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی نیشانی هەموو لایەکی دا، کە ”ئەوە خواستەکەیەتی و بەوەش هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابوو تا بەوشێوەیە سزا بدرێت، ئەوە ئیرادەی گەلی ئێمەیە و چەسپاوە“.

لەبارەی دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 5ـی ئەمساڵ بۆ پەرلەمانی عێراق عێراق، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، کە ”ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی بەهۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ریفراندۆم کەوتووه‌تە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و تووشی شکست دەبێت، بەڵام بەهیممەتی کادیران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق“.

سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەوڵیان دا کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بگوازنەوە ناو خەڵک تا ببێتە کێشەی نەتەوەکان، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری رابردوو ئەوەی دەرخست کە خەڵکی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و باوەڕیان بە چەواشەکارییەکانی ئەوان نەکردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا، کە گەلی کوردستانیان ئازار داوە“.

سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی لایەنەکانی بەغدا پێیان باشە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاسه‌تی ستراتیجی دابمەزرێت، كە بڕیارە ستراتیجییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن و لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت، ”ئێمەش ئەو پێشنیازەمان بەلاوە پەسندە، چونکە دەبێتە گرێنتییەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق و ڕێگەگرتن لە بڕیاری تاکڕەوانە“.

سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە حکوومەتی عێراق لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت: ”شەراکەتی راستەقینە لە بڕیارەکان، کە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی دەکرێت، پابەندبوون بە تەوافوق لە دەرچوونی یاساکان و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت لەنێوان پێکهاتەکاندا“.

سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، پارتی خاوەن ئامانجێکی ستراتیجییە و بە گوێره‌ى سیاسەتی ڕۆژ هەڵوێست ناگۆڕێت و هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیجییە ناکات. ”هەر کەس و لایەنێکیش ئامانجی ستراتیجی هەبێت دەبێ ئامادە بێت گیانی خۆی لەپێناویدا بەخت بکات، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا خۆی بەخت دەکات“.

بڕیارە رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و پارتیش، کە لە سەرەتاوە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی کردەوە، بە لیستی ژمارە 183 بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە دەکات.












باسنيوز
Top