عەلی عەونی: فوئاد مەعسووم وەک ئەوە بوو کە سەرۆک کۆماری مۆزەمبیق بێت

 عەلی عەونی: فوئاد مەعسووم وەک ئەوە بوو کە سەرۆک کۆماری مۆزەمبیق بێت
ئەندامێکی سەکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە دەڤەری سیدەکان، ئاماژە بەوە دەدات، کە فوئاد مەعسووم وەک ئەوە بوو کە سەرۆک کۆماری مۆزەمبیق بێت، هیچی بۆ کوردستان نەگوتووە.

عەلی عەونی، ئەندامی سەکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ 19\9\2018، لە ئاهەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردن، لە دەڤەری سیدەکان، رای گەیاند: ”کوڕی ماڵباتێک بوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەیگوت پێشمەرگە لە شەڕی داعش سێڵفی گرتووە، ئەگەر ئەو بەرخودانەی لە پردێ، سحێلا و مەحموودیە کرا، لە کەرکووک کرابووایە، هەر لەوێ هێرشەکە ڕادەگیرا و دەهاتنە دانوستاندن، کەچی خۆیان و ئامۆزاکانیان کەرکووکێکی نازداریان دایە دەست دوژمنان“.

ئەندامەکەی سەکردایەتیی پارتی، گوتیشی: ”مخابن ئێمە هەموو قوربانییەکمان بە مافی خۆمان داوە، ئێوە دەزانن بۆ بەرژەوەندیی ناوماڵی کوردستان گوتمان با هەمووان پێکەوە شەریک بین، وەکوو کابرا گوتیان چوار ساڵ ئارامی بۆ کوردستان، کەچی چوار مانگ ئارامی لە کوردستان نەما و هەموو ڕۆژێک بارەگا و ماڵی گشتی دەسووتێندران“.

جەختی لەوەش کردەوە، کە لەپێناو ناوماڵی کوردستان هەموو پۆستێکیان دایە دەست گۆڕان و پاشان یەکێتی، پاشان دەیانگوتە عەبادی دەبێ عێراق لیستی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان وردبینی تێدا بکەن، گوایە ئەوان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باشترن.

عەلی عەونی، ئەندامی سەکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی روون کردەوە: ”ئێستاش گوتیان هاریکاریمان بکەن، کەچی پەلاماری ئێمە دەدەن، ئێمە دەڵێین کورسیی سەرۆک کۆمار پشکی کوردستانە و لەنێو کوردستانیش پشکی لیستی یەکەمە، تێناگەم بۆچی داوای ئەو پشکە دەکەن؟ بەو بیانووەی ئەوەی کورسییەکی تەشریفاتییە یەک هەڵوێستیشیان نەبوو، بینیمان بە دوور و نزیک ناوی کوردستانی نەهێنا، وەک ئەوەی سەرۆک کۆماری مۆزەمبیق بێت، ئەگەر سەرۆک کۆماری هەر مووچە و پاسەوانی بێت، هەر کەسێک دەتوانێ ئەوە بکات، ئەو سەرۆک کۆمارە هێرشی حەشدی شەعبی و حکوومەتی عەبادی مەحکوم نەکرد، نەیگوت حەقی دەستووریی حکوومەتێک نییە سوپا بۆ کێشەی سیاسی بەکار بهێنێت“.

ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەوانەی دەیانگوت سەرۆک بارزانی کۆتایی هات و هەموو ڕۆژێ خۆپیشاندانیان لە دژی سەرۆک بارزانی دەکرد ، دەیانویست ”بە عەنتەری“ کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەمڕۆ پارتی لە پێشتر و سەرۆک بارزانی لە پێشتر و بەهێزترن.










باسنيوز
Top