داعش گوندێکی سەر بە شارۆچکەی خانەقینی تۆپباران کرد
چەکدارانی داعش، گوندێکی سەر بە شارۆچکەی خانەقینی تۆپباران کرد و پێنج کەس بوونە قوربانی.
محەمەد فایق، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە کاتژمێر 9:00 شەوی رابردوو 17-18\9\2018، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی قایەی سەر بە شارۆچکەی خانەقین نزیک پردی حەلوان.
بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە پاش رووبەڕووبوونەوەی خەڵکی گوندەکە لەگەڵ چەکدارانی داعش، چەکداراەکان بۆ ماوەیەک گوندەکە تۆپباران دەکەن و هاوەنێک کەوتووەتە ماڵێکی بە رەگەز عەڕەب، لە ئەنجامدا پێنج کەسی ئەو خێزانە بریندار بوون.
ئەگەرچی ساڵی رابردوو، حکوومەتی عێراق، رای گەیاند کە کۆتاییان بە چەکدارانی داعش هێناوە، بەڵام تائێستاش داعش جموجۆڵی هەیە، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەریش، جۆموجۆڵەکانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو لەو ناوچانەی کە بەهۆی خیانەتی گرووپێکی خیانەتکارەوە، کەوتە دەست حەشدی شەعبی، زیادی کردووە.
bas news-
