به‌یار دۆسكی: دەبێت تا ٢٥ی ئه‌م مانگه‌ كورد پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا بكاتەوە

 	 به‌یار دۆسكی: دەبێت تا ٢٥ی ئه‌م مانگه‌ كورد پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا بكاتەوە
بڕیارە حەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێی عێراق بدات، پەرلەمانتارێكی پارتییش دەڵێ، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان، پێویستە كورد خۆی یەكلا بكاتەوە كێ دەبێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆماری داھاتوو.

بەیار دۆسكی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد یەكلا بووەتەوە و جگە لە كوردیش ھیچ پێكھاتەیەكی دیكەی عێراق كاندیدی نابێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام لەناو كورددا یەكلا نەبووەتەوە كێ پۆستی سەرۆككۆمار وەردەگرێت، ئێستا سێ رۆژه‌ دەرگای خۆكاندیدكردن كراوەتەوە، دواتر ناوی كاندیدانی سەرۆككۆمار رەوانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەكرێت و لەوێش پێویستی بە پەسەندكردن و رەتكردنەوەی ناوی كاندیدان ھەیە، كە سێ رۆژیش بۆ تانەكان دیاری كراوە، لە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگەیشدا دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆككۆمار دەدرێت".

لەبارەی مەرجەكانی ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆككۆماری داھاتووی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "نابێ تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر بێت و دەبێ دەستی نەبێت لە ھیچ پرسێكی گەندەڵیدا و ناووبانگێكی باشی ھەبێت و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی ھەبێت، ئەوە بەپێی یاسا رێك خراوە، دەشبێت پابەند بێت بە دەستووری ھەمیشەیی عێراقەوە".

پارتی دیموكراتی كوردستان، پۆستی سەرۆككۆمار بە پشكی خۆی دەزانێت بەو پێیەی لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا زۆرترین كورسیی بەدەست ھێناوە لەناو لایەنە كوردییەكاندا. بەیار دۆسكی دەڵێت: "ھەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمارەوە كۆ دەبنەوە و بەو بابەتە لەوێ یەكلا دەكرێتەوە، واتە بەر لە رۆژی ٢٥ی مانگ، دەبێت كورد خۆی یەكلا بكاتەوە و ناوی كاندیدانی خۆی بۆ سەرۆككۆمار ئاشكرا بكات، بە تایبەتی بزانین لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ كام لایەن دەبێت و كێ دەبێتە كاندیدی ئە و لایەنە".
kdp-
Top