سێ چەکدار لە کەرکووک هاووڵاتییەکی کورد دەکوژن

سێ چەکدار لە کەرکووک هاووڵاتییەکی کورد دەکوژن
سێ چەکداری نەناسراو هاووڵاتییەکی کورد لە شاری کەرکووک دەکوژن.

بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر 3:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 18/9/2018، سێ چەکدار لە گەڕەکی حورییە لە کەرکووک هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی یونس ستار تاهیر، کە هاووڵاتییەکی کوردە.

محەمەد فایەق، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، یونس ستار تاهیر رۆژی دووشەممە 17/9/2018 ئۆتۆمبێلەکەی خۆی فرۆشتووە و چەکدارەکانیش دوای کوشتنی، پارەکەیان دزیوە.

دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و هاووڵاتییانیان گرتە ئەستۆ، بەڵام بەهۆی ناکارایی و بێهێزییان، شانە نووستووەکانی داعش و گرووپە تاوانکارییەکان دەستیان بە چالاکی و کردەی تیرۆریستی کردووەتەوە.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوو










باسنيوز
Top