لقی بانكێكی ئەورووپی لە هەولێر دەكرێتەوە
باقی محەمەد هادی، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕیی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "بانكێکی وڵاتی بولگاریا لقی خۆی لە هەولێر دەكاتەوە، ئێستا سەرقاڵی تەواوكردنی رەزامەندییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقین، دوای ئەو رێكارە لقی خۆیان دەكەنەوە".
روونیشی كردەوە، بە كردنەوەی ئەو بانكە، ئەوان دەبنە یەكەم لقی بانكێكی ئەوورپی لە هەرێمی كوردستاندا.
بەرپرسەكەی یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكان دووپاتی كردەوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم شاندێكی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی بولگاریا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، گوتیشی: "ئامادەیی خۆمان پیشان داوە بۆ پێشوازیکردن لەوشاندە تا بێن لە كوردستان كار بكەن".
جەختیشی كردەوە، كردنەوەی لقی بانكێكی ئەورووپی لە هەولێر، مانای متمانەی وڵاتانە بە داهاتووی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
باقی هادی، پێی وایە لەبەر چەند خاڵێك كردنەوەی بانكی ئەوروپی زۆر گرنگه: "بڕوایەكی بەهێز دەداتە ئابووریی كوردستان، كوردستان دەبێـتە جێگەی متمانەی بانكەكانی تر بۆ كردنەوەی لقەکانیان، دەبێتە هۆكاری ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانانی بیانی و خۆماڵی، هاوكات ئاسانكاریی باش دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕیی دراو و ناردنی دراو بۆ كوردستان".
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 45 بانكی ئەهلی، لەنێوانیاندا لقی وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپی لقیان نییە.
لە لایەکی ترەوە نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، بڕیارە بانكی نێودەوڵەتیی (سیقەی ئیسلامی) لە هەولێر بكرێتەوە، گوتی: "بانكی سیقەی ئیسلامی دەیەوێت لە هەرێمی كوردستان، قەرزی بچووك و مامناوەندی بدات، كە بڕەكەی لەنێوان 5 تا 50 ملیۆن دینارە ".
باسنيوز
