نەجمەدین کەریم: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پارتی دەبێت
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک کە تا خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، ڕۆژ بە ڕۆژ باری سیاسی و ژیانی خەڵک لە کەرکووک بەرەو خراپتر ڕۆشتووە، تەنانەت ئەو کەسانەی ھۆی ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون، لە ناو کوردستان دان بەوەدا دەنێن کە دۆخی کەرکووک خراپە، ”ھەرچەندە خۆیان دەستیان لەو کارە خراپە ھەبووە“.
باسیشی لەوە کرد کە یەکێک لە پەرلەمانتارە تازەکانی کەرکووکی بینیوە، نامەی بۆ سەرۆکی پەرلەمان نووسیوە و تێیدا باسی لەو کارە نادەستووری و نایاساییانە کردووە کە پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک ئەنجامی دەدات، بەڵام ”لەڕاستیدا ھۆکاری سەرەکی خودی خۆیان بوون، ھۆی ئەوەی کە پارێزگاری شەرعیی کەرکووک لە شارەکە نەمێنێت و پارێزگارێکی دیکە بەوەکالەت دابنرێت کە ئەم ھەموو کارانە دەکرێ، هەر ئەوان بوون“.
نەجمەدین کەریم نەیشاردەوە کە بەهۆی زمانی کوردییەوە، گرووپەکانی حەشدی شەعبی سووکایەتی بە کوردان دەکەن و ڕای گەیاند، منداڵ کە لەم ٢٥ ساڵە لەدایک بووە، تەنیا دەزانن بە کوردی قسە بکەن، بەڵام کە دەچنە خاڵی پشکنینەکان لە کەرکووک و بەکوردی قسە دەکەن،، پێیان دەڵێن بۆ بە عەرەبی قسە ناکەن؟ تەنانەت لە ناو شاردا ئەوانەی حەشدی شەعبی و بەتایبەتی تورکمانەکانی حەشدی شەعبین، گاڵتە بە کورد دەکەن، ئەگەر بە عەرەبی یان تورکمانی قسە نەکەن. گوتیشی: ”بە ڕوونی واتای ئەوەیە کە شکۆی کورد لە کەرکووک نەماوە و ھۆکارەکەشی ئەو کەسانەن“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە جگە لە لابردنی بەڕێوەبەرە کوردەکان لە کەرکووک، تەعریبێکی زۆر لەو شوێنانە هەبووە کە ئەرز و خاکی کوردە و عەرەب ھێنراوەتە شوێنەکەی و ماڵوموڵکیان داگیر کراوە، تەنانەت هەڕەشەی ئەوە کراوە ئەو کەسانەی لە دوای ٢٠٠٣ ئاوارە بوون و خەڵکی کەرکووک خانووەکانیان بڕوخێنن، ”دۆخەکە ئاسایی نییە و مەترسی لەسەر ھەموو ناوچەکە دەبێ، واتە کەرکووک و ھەموو عێراقیش“.
پارێزگاری شەرعیی کەرکووک هیواخوازە ئەمجارە کەسێک ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق کە ”باشتر“ بێت و ”دەبێ ئەم دۆخە بگۆڕێت“.
لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن یەکێتی و کاندیدەکانی یەکێتییەوە بۆ ئەو پۆستە، نەجمەدین کەریم بە ڕاشکاوانە گوتی: ”من بڕوای تەواوم ھەیە ئەمجارە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت“.
هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز)، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ژێر فشاری خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پۆستەکەی لادراوە، وەڵامی لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی دایەوە کە گوتبووی، یەکێتی سەلماندوویەتی ئەگەر پێویست بکات شەڕ بکەن، ئەوا شەڕ دەکەن. نەجمەدین کەریم گوتی: ”من قوبادم خۆشدەوێ و برادەرمە، بەڵام ئەو خۆی باش دەزانێت کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر چی ڕووی دا، لە بانگەشەی ھەڵبژاردن دا کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە، بە حەقیقەت چەند کەسانێک بوونە ھۆی ئەوەی ئەمڕۆ میللەتی ئێمە بەنەعلەتەوە سەیری ئەو کەسانە بکات کە بوونە ھۆی ئەم دۆخە، بەداخەوە ئەو کەسانەش لە ناو یەکێتی بوون و دەستیان دەڕۆشت، بۆیە توانیان ئەمە بکەن“.
باسنيوز
