هێمن هەورامی: دەمانەوێ سلێمانی ببووژێتەوە نەک بەدەست باڵباڵێنی حزبەکان پەرێشان بێ“

 هێمن هەورامی: دەمانەوێ سلێمانی ببووژێتەوە نەک بەدەست باڵباڵێنی حزبەکان پەرێشان بێ“
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە کاندیدانی پارتی ”وەکو خەڵکی تر“ بەڵێنی ناوەڕۆک بەتاڵ بە کەس نادەن.



هێمن هەورامی، سەرۆکی لیستی 183ـی پارتی لە ئاهەنگێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستەکەی لە شارۆچکەی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند، حزبەکەی بە پشتیوانیی خوای گەورە و دەنگدەرانی، دەست بە ئاودانکردنەوەی زیاتری کوردستان دەکات.



هێمن هەورامی هەروەها رایگەیاند، حزبەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان پرۆژەی رەشنووسی دەستووری کوردستان بە تەواوی ئامادە بکرێ و پەسەند بکرێ، تا هیچ لایەنێک نەتوانێ بەهۆی باڵباڵێنی خۆیەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکا و هەڵبژاردن بە دەستوور بچەسپێندرێت.



سەرۆکی لیستی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە حزبەکەی ”وەکو خەڵکی تر“ بەڵێنی ناوەڕۆک بەتاڵ بە خەڵکی کوردستان نادات.



هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە، کە پارتی هەوڵ دەدات سلیمانی، راپەڕین و گەرمیان ببووژێنێتەوە و ئاوەدان بێت، نەک بەدەست ئەم باڵ و ئەو باڵەوە پەرێشان بێت.



هەورامی بە ئاماژەکردن بەوەی ھەندێک کەس لە ھەڵمەتی هەڵبژاردن باس لەوە دەکەن، کە تەنیا ئەوان دەتوانن کێشەکانی کوردستان چارەسەر بکەن، رایگەیاند، با ئەوان جارێ کێشەی باڵباڵێن و حزبەکەی خۆیان چارەسەر بکەن، چونکە کەسێک نەتوانێ کێشەی حزبەکەی خۆی چارەسەر بکات، ئەوا ناتوانێ کێشەی کوردستانیش چارەسەر بکات.



بڕیارە رۆژی 30ـی ئەیلوولێ 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و پارتیش بە لیستی ژمارە 183 بەشداری دەکات.




باسنيوز
Top