پێدانی پۆستێک بە هۆشیار عەبدوڵا کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان زەقتر دەکاتەوە

 پێدانی پۆستێک بە هۆشیار عەبدوڵا کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان زەقتر دەکاتەوە
لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هۆشیار عەبدوڵا دەکرێتە سەرپەرشتیاری کەناڵی KNNی بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ ڕازیکردنی گرووپەکانی نێو حزبەکەش، باس لەوە دەکرێ کە تەنیا بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو پۆستەیان پێ داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠١٨، هۆشیار عەبدوڵا لەلایەن خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە کراوە بە سەرپەرشتیاری کەناڵی KNN و لەگەڵ عادل عەزیز، پەرلەمانتاری گۆڕان، بڕیارە لە چوارچێوەی بۆردێکدا کارەکانی بەڕێوە ببات، لە کاتێکدا کەناڵەکە بەڕێوەبەر و ستافی کارگێڕیی تایبەت بە خۆی هەبووە.

بەرپرسەکەی گۆڕان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دانانی هۆشیار عەبدوڵا وەک سەرپەرشتیاری کەناڵەکە، نیگەرانییەکی زۆری لەنێوخۆی گۆڕان درووست کردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ”هۆشیار عەبدوڵا کەسێکی تەکەتولچییە و بەهۆی زمانشڕییەوە بەشێک لە هەڵسووڕاوان لێی ڕازی نین“.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی پێشووی میدیای گۆڕان کە بەهەمان شێوە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، ئاشکرای کرد کە هۆکاری دامەزراندنی بۆردە ئەو سەرپەرشتیارییەی کە هۆشیار عەبدوڵا تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، ئەوەیە کە دکتۆر ئاکۆ حەمەکەریم، لە بەڕێوەبردنی کەناڵی KNN لادراوە و ”ڕۆشتووەتەوە ماڵەوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە هۆکاری لەکار لادانی ئاکۆ حەمەکەریم، بۆ ”کێشە و مەشاکیلی ئیداری و ئەو ڕەخنانەی کە پێشتر لە ڕێکخەری گشتیی گۆڕانی گرتووە“ دەگەڕێتەوە.

دکتۆر ئاکۆ حەمەکەریم بەڕێوەبەری کەناڵی KNNی گۆڕانە کە ماوەی ڕابردوو بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیی گۆڕان پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی، هەوڵی لەکار لادرانی درا، بەڵام لەنێو گۆڕان و دەرەوەی گۆڕانیش رەخنەیەکی زۆر ئاراستەی حزبەکە کرا، بەوەی حزبەکە لە کاتێکدا باسی ئازادیی بیروڕا دەکات و ڕۆژانە لایەنگرانی بۆ هەزاران جنێو بە ئاراستەی سەرجەم نەیارەکانی هان دەدات، بەرگەی ڕەخنەیەک ناگرێت، بۆیە بەناچاری بڕیارەکەیان بۆ ماوەیەک دواخست، بەڵام لە کۆتاییدا لەکار لایان دا.













باسنيوز
Top