بەرپرسێكی دیالە: بەرپرسانی كورد لە بەغدا خزمەتیان بە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە نەكردووە

 بەرپرسێكی دیالە: بەرپرسانی كورد لە بەغدا خزمەتیان بە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە نەكردووە
ئەندامێكی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئاماژە بەوە دەدات، کە بەرپرسانی كورد لە بەغدا خزمەتیان بە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە نەكردووە.

وشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە فراكسیۆنی یەكێتیی ڕایگەیاند: "ئێمە هەرچی هەوڵ هەیە بیدەین بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری لە خانەقین و دەوروبەری ئەوا هیچ سوودی نییە لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بە هۆی ئەوەی ڕێژەی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كەمە".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەوەشی خستە روو، کە سەركردایەتیی هەموو حزبە كوردستانییەكانیش لە ئاستی خزمەتكردن بە خانەقین و چارەسەركردنی دۆخەكەی بێخەمن، هەروەها هیچ بەرپرسێكی باڵای كورد لە دەرەوەی خانەقینەوە تەنانەت پەیوەندییان پێوە ناكەن، بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە نالەبارەی كە ئێستا لە سنوورەكە دەگوزەرێت، گوتیشی: ”لەو لاشەوە حزبە سوننی و شیعەكان لە ئاستی ناوچە كوردستانییەكان بە هەموو توانیانەوە كار دەكەن، بە تایبەت بۆمان دەكەوت كە لە دوایەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هێزەكانی بەدر، عەسائیب، سەرایا سەلام و حزبە سوننەییەكانیش دەنگی بەرچاویان هێنا لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە حزبەكانی خۆمان لاوازبوونە و هەروەها پەیوەندی باشیان نەماوە لەگەڵ هاووڵاتییان و جەماوەردا و ئەمەیان دەبێت كاری لەسەر بكرێت و هەروەها بەرنامەی بۆ دابنرێت".

ئاشکراشی کرد، کە ئەو موعاناتەی كە لە خانەقین، گوڵاڵە و سەعدییە هەیە، دڵنیایە هەمان موعاناتە لە كەركووك، دەشڵێت: ”بەداخەوە بەرپرسانی كورد بەرنامەیان نییە و لە هەمووی خراپتر لە ئاساتی سەرۆك كۆمار و وەزیرە كوردەكان و بەرپرسانی دیكەی كورد لە بەغدا و لە خولی پێشوو خزمەتیان بە كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە نەكردووە".










باسنیوز
Top