کۆنە نەهزەکانی نێو هاوپەیمانی داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەرهەم ساڵح دەکەن

 کۆنە نەهزەکانی نێو هاوپەیمانی داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەرهەم ساڵح دەکەن
کۆنە نەهزەکانی نێو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری داوا لە بەرهەم ساڵح دەکەن، ئەگەر نیازی ئەوەی هەیە حزبەکەی تەسلیم بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکاتەوە، ئەوا دەست لەکار کێشانەوە لە هاوپەیمانی بکات.


بەپێی زانیارییەکان، کۆنە نەهزەکانی نێو هاوپەیمانی (پێشتر باڵێکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بوون و لەو حزبە جیابوونەوە)، لە پەیوەندییە تازەکەی نێوان حزبەکەیان و یەکێتی نیگەرانن و هۆشداریی توندیان بە بەرهەم ساڵح داوە.

لەمبارەیەوە یەکێک لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی کە هاوکات یەکێکە لەو بەرپرسانەی بە کۆنە نەهزەکان ناسراوە، ڕایگەیاند: "بەرھەم ساڵح، بەھیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتی و تەنھا ڕێککەوتنێکی سیاسی کردووە، چونکە چەند جارێک بەرھەم ساڵح، گوتوویەتی بێحورمەتی بە خودی خۆم و کەسایەتیی سیاسیم ناکەم، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح دەکەن، ھەمووی دوورە لە ڕاستییەوە“.

دانیشی بەوەدا نا کە ئەوان لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەکێتی ڕازی نین و گوتی: ”ئەگەر بەرھەم ساڵح، بیەوێ لەپێناو پۆستی سەرۆک کۆمار، ھاوپەیمانی تەسلیمی یەکێتی بکات، ئەوان بەھیچ شێوەیەک قەبووڵی ناکەن، بەڵام ئەگەر حەزی لەو پۆستەیە و دەیەوێ ھاوپەیمانی تەسلیمی یەکێتی بکات، دەبێ ئیستیقالە لە ھاوپەیمانی بکات“.

ئەوەشی نەشاردەوە: ”دوێنێ ھەینی ١٤\٩\٢٠١٨، دوای کۆبوونەوەکەی شاندی ھاوپەیمانی و یەکێتی لەکۆبوونەوەی باڵای خۆماندا ڕاستەوخۆ ئەوەمان بە بەرھەم ساڵح گوتووە، بەڵام ئەو دەڵێ، من ھەرگیز ناچمەوە ناو یەکێتی“.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی، لە ٧٥%ی حزبەکە لە ئیسلامی و کەسانی بێلایەن پێکھاتووە، بۆیە ”ئەگەر لەھەر حاڵەتێکدا بەرھەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەکێتی و ئەو ئینتیحارە سیاسییە بکات، باشترە خۆی دەست لەکاری ھاوپەیمانی بکێشێتەوە، لەگەڵ ئەوەش لەو نێوەندەدا ئیسلامییەکان و بێلایەنەکان ناگەڕێنەوە ناو یەکێتی، چونکە ئەوان ھاوپەیمانیان بۆ ئەوە دروست کردووە، بتوانن گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردندا بکەن“.












باسنیوز
Top